دەمیرتاش لەسەر سووکایەتیی بە ئەردۆغان دادگایی دەکرێت

سەڵاحەددین دەمیرتاش
سەڵاحەددین دەمیرتاش

سەلاحەددەین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان، سبەینێ هەینی، جارێکی دیکە و لە سەر دۆسیەی سووکایەتیی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەبرێتەوە بەردەم دادوەر و دادگایی دەکرێت.

ماڵپەڕەکانی نزیک لە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بڵاویان کردووەتەوە، سەلاحەددین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی زیندانیکراوی هەدەپە کە هەفتەی ڕابردوو بەهۆی دۆسیەی کۆبانێ، 42 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا، جارێکی دیکە لە سەر دۆسیەی سوکایەتیی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە شێوەی ئۆنلاین و ڤیدیۆ ئامادەی دادگایی کردنەکەی دەبێت، کە بڕیارە سبەینێ دادگاییەکە لە 14ـەمین بەشی دادگای تاوانەکانی مێرسین بەڕێوە بچێت.

بەهۆی خۆپیشاندانەکانی کۆبانێ کە نزیکەی هەشت ساڵ لەمەوبەر سەری هەڵدا و لە دژی گەمارۆی شاری کۆبانی لەلایەن داعشەوە، ڕێکخرابوو، پێنجشەممەی ڕابردوو دادگای تاوانەکانی ئەنقەرا سزای 42 ساڵ زیندانی بەسەر سەلاحەدین دەمیرتاش، سەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلاندا سەپاند، هەر لەم دۆسیەیە سزای 30 ساڵ زیندانی بۆ فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی پێشووی ئەو پارتە و سزای 10 ساڵ زیندانی بۆ ئەحمەد تورک سەرۆکی شارەوانی مێردین دەرکرد.