سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستانێکی بەهێز هەموو عێراق بەهێز دەکات

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، هەرێمی کوردستانێکی بەهێز، هەموو عێراق بەهێز دەکات و دەبێتە هۆی وەبەرهێنانی زیاتر و هەلی کار و خزمەتگوزاری گشتیی باشتر.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (30ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ نووری مالیکی ڕایگەیاند، "خۆشحاڵبووم بە دیدارم لەگەڵ بەڕێز نووری مالیک".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، "هەرێمی کوردستانێکی بەهێز، هەموو عێراق بەهێز دەکات و دەبێتە هۆی وەبەرهێنانی زیاتر و هەلی کار و خزمەتگوزاری گشتی باشتر، ئەمەش لە پەیوەندییەکی دروستی نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێدەکات".

ڕۆژی پێنجشەممە، 30ـی ئایاری 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ، لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە.

هەر ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ جەختکردنەوە لەسەر دابینکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا جەختی لەوە کردووە: "دەبێت سەقامگیریی و ئابوورییەکی بەهێز کاری لەپێشینەمان بێت".