نەتەوە یەكگرتووەكان: سووریا و داعش چەكی كیمیاوییان بەكارھێناوە

لێكۆڵینەوەیەكی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاوی ئاماژە بەوە دەكات، كە سووپای سووریا، گازی ژەھراوی و رێكخراوی داعش، گازی خەردەلی كبریتییان لە ھێرشەكانیاندا بەكار ھێناوە.

لێكۆڵینەوەكە كە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە كۆی دەنگ مۆڵەتی ئانجام دانی داوە و ساڵێكی خایاندووە، جەخت لەسەر 9 ھێرش، كە لە 7 ناوچەی جیاوازی سووریا ئەنجام دراون دەكات، كە پێشتر و لە لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاوی تایبەت بە بەدواداچوونی راستییەكان، لەبارەی ئەگەری بەكارھێنانی چەكی كیمیاوی  لەو ھێرشانەدا.

ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوەكە زەمینە لە بەردەم رووبەڕووبوونەوەی پێنج وڵاتە ئەندامە ھەمیشەییەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش، كە مافی ڤیتۆیان ھەیە، خۆش دەكەن و پێشبینی دەكرێ ھەر یەك لە رووسیا و چین لە دژی ئەمریكا و بەریتانیا و فەڕەنسا بوەستنەوە، لە پەیوەست بە ئەگەری سەپاندنی سزاكان.

 لێكۆڵەرەكان زانیاریی پشتڕاست و پێویستیان ھەیە كە ھەلیكۆپتەرەكانی حكومەتی سووریا لە شارۆچكەی تەلمەنس لە 21ی نیسانی 2014 و سەرمین لە 16ی ئاداری 2015 كە ھەردووكیان سەر بە پارێزگای ئیدلبن، گازی زەھراوی و كلۆریان بەكار ھێناوە. ھاوكات لێكۆڵەرەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە زانیاریی تۆكمەیان ھەیە، داعش گازی خەردەلی كبریتی لە شارۆچكەی مارع لە 21ی ئاب بەكار ھێناوە.

ساڵی 2013 بە گوێرەی رێككەوتنێك كە واشنتۆن و مۆسكۆ نێوەندگیر بوون، حكومەتی سووریا رەزامەندی لەسەر لەناوبردنی چەكە كیمیاوییەكانی دەربڕی و ئەنجوومەنی ئاسایشیش رێككەوتنەكەی پەسەند كرد ھۆشداریشی لە ئەگەری پابەندنەبوون بە رێككەوتنەكە دا و رایگەیاند " ھەر گواستنەوەیەكی رێگەپێنەدراو، یان ھەر جۆرە بەكارھێنانێكی چەكی كیمیای لەلایەن ھەر لایەنێك لە سووریا، دەخرێتە ژێر بەندی حەوتەم لە میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان".

بەندی حەوتەمی میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەتە بە سزاكان و مۆڵەتدان بە بەكارھێنانی ھێزی سەربازی لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایش. بۆ ئەمەش ئەنجوومەنی ناوبراو پێویستی بە دەركردنی بڕیارێك ھەیە بۆ سەپاندنی سزاكان لەوانە، قەدەغەكردنی گەشتكردن، سڕكردنی حیساب و سەرچاوەی دارایی ئەو كەس و لایەنانەی پەیوەندییان بە ھێرشەكانەوە ھەیە.