ڕووبەری سەوزایی بووەتە مەرجێکی سەرەکیی نیشتەجێبوون
ڕێژەی سەوزایی لە دەوروبەری شوێنەکانی نیشتەجێبوون جیا لەوەی لەلایەن دەستەی چاككردن و پاراستنی ژینگە کراوەتە مەرجێک بۆ پرۆژەکان، لەلایەن هاووڵاتییانیشەوە بووەتە بژاردەیەکی سەرەکی بۆ بڕیاردان لە کڕێنی خانوو یان یەکەی نیشتەجێبوون.
بە گوێرەی بڕیاری دەستەی چاككردن و پاراستنی ژینگە دەبێت ھەر پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون ڕێژەی سەوزایی لە %25 كەمتر نەبێت، ئەگەرنا ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەكرێتەوە.
بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو نەبوون یان کەمی ڕووبەری سەوزایی لە پرۆژەکانی نێشتەجێبووندا، بووەتە گرفتێک لەبەردەم نەفرۆشانی یەکەکانی نیشتەجێبوون. ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕێژەی سەوزایی نەک تەنیا بۆ دەستەی ژینگە، بەڵکو لای هاووڵاتیانیش بووەتە مەرجێکی سەرەکی بۆ بڕیاردان لە شوێنی نیشتەجێبوون و ئێستا هاووڵاتییان بە دوای پرۆژەیەکدا دەگەڕێن کە ڕێژەی سەوزایی زۆر بێت و ئاو و هەوایەکی لەبار و پاکی بۆ ژیان هەبێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک لە پرۆژەکان بایەخێکی زۆری پێ بدەن و نزیکەی %50 ڕووبەری پرۆژەکانیان بە سەوزایی داپۆشیوە.
ئیبراهیم لەتیف لە بەشی کارگێڕیی یەکێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەولێر دەڵێت: جاران بایەخێکی ئەوتۆ بە ڕووبەری سەوزاییەکانی نێو پرۆژەکانی نیشتەجێبوون نەدەدرا، بەڵام ئێستا هاووڵاتییانی گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە سەوزایی مەرجێکی لە پێشینەیە بۆ ئەوەی بڕیار بدەن لە کوێ و لە چ پرۆژەیەک یەکەی نیشتەجێ بوون بکڕن، ئەو بڕوایە لەلای ئەو هاووڵاتییانەش هەیە کە دەیانەوێت خانوو یان هەر شوێنێکی دیکە بۆ نیشتەجێ بوون بە کرێ بگرن".
لە هەولێر زیاتر لە 100 پرۆژەی نیشتەجێبوون %25ی ڕووبەرەکانیان سەوزاییە و بۆ زیاتر بایەخدان بە سەوزکردنی شار
ڕووبەری 4 ملیۆن و 185 هەزار مەتر دووجا تەرخان کراوە کە دابەشبووە بە سەر:
177 دارستان
84 دەریاچەی نێو دارستان
33 شوێنی شورای دار
22 پشتێنەی سەوزایی
20 پارک
سەرجەم ئەم بڕیارانەش بە ئاراستەی هەنگاوی گەورەی سەوزکردنی شارەکانە کە بریارە چاودێریی وردتری بۆ بکرێت
د.فەرمان خەلیل ڕاوێژكار و شارەزا لە بواری ژینگە دەڵێ "لە بەشێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بە تایبەت ئەوانەی دەکەونە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر بەهۆی کێشەی کەم ئاوییەوە نەتوانراوە بە گوێرەی پێویست ڕووبەری سەوزاییان پەرەی پێ بدرێت".
دار و سەوزایی کاریگەری ئەرێنیان لەسەر ژینگەو کەشو هەوا هەیە، بەپێی ستانداردی جیهانی ڕێژەی سەوزایی دەبێت لە 15 بۆ 30% بێت بەتایبەت لەو شارانەی کە دانیشتووانیان چڕە و ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلیان تێدایە.