لە ساڵی 2023 دا ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان لە حکوومەتی هەرێم گەیشتۆتە سەدا 74.1

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، ڕاپۆرتی ساڵی دووەمی جێبەجێکردنی پلانی حکوومەتی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ بە میوانداریی دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم، خستە ڕوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە (5ـی حوزەیرانی 2024 )،ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتی ساڵی دووەمی جێبەجێکردنی پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ بە میوانداریی دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، دیندار زێباری لە کۆبوونەوەکەدا تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی ئامادە کردنی پلانەکە و پشتگیریی بەردەوامی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و هاوکاریی و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم لە جێبەجێکردنیدا.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانەکەش، زێباری گوتی: پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ بە بەشداریی و ڕاوێژکردن بە دەسەڵاتی دادوەری، سەرۆکایەتىی هەرێم، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاریى عێراق (یۆنامی)، گشت وەزارەت و فەرمانگە و دەستە و کۆمەڵگە مەدەنییەکان، لەگەڵ سەندیکا پەیوەندارەکان و دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، وەک لایەنی چاودێر، پلانەکە ئامادە کراوە کە لە (27) بەش پێک دێت.
ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی باس کرد، تا ئیستا بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوو کۆنفرانسی تایبەت لە چوارچێوەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی ساز کراون. لەلایەکی دیکەوە، بۆ یەکەم جار سیستمێکی داتابەیسی تایبەتمان بە پلانەکە داناوە و لەمەودوا سەرجەم دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بە ڕێگەی ئەلیکترۆنی بەشدار دەبن لە هەنگاوەکانی جێەجێکردنی.
دەشڵێت، نزیکەی (10) ڕێکارمان لە بوارەکانی نەهێشتنی بازرگانیی بە مرۆڤ، بەخشینی ئەندامانی جەستە، بەڕێوەبردنی چاکسازییەکان، مافی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت، نەهێشتنی گوتاری ڕقاوی، نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان، ئازادیی ڕادەربڕین، نەهێشتنی ئەشکەنجە و توندوتیژیی لەسەر بنەمای جێندەر، ئامادە کردووە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، ڕاپۆرتی شەشەم، راپۆرتی ساڵی دووەمی جێبەجێکردنی پلانەکەیە، هەڵسەنگاندنێکی گشتگیری بەراوردکاری دەخاتەڕوو بۆ پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی پلانەکە بەپێی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لە هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری لە نێوان کانوونی دووەمی ساڵی 2022 تا کانوونی یەکەمی ساڵی 2023.
لە بەشێکی دیکەی خستنەڕووی ڕاپۆرتەکەی، دیندار زێباری باسی لە جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان لەسەر ئاستی دەسەڵاتەکان کرد و گوتی: کۆی گشتیی ئەو ڕاسپاردانەی ئاڕاستەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن کراون بریتی بوون لە (448) ڕاسپاردە، لە ساڵی 2022دا (204) یان جێبەجێ کراون، (159) جێبەجێ نەکراون، (85) لە پرۆسەی جێبەجێ کردندا بوون، بەڵام لە ساڵی 2023 ڕاسپاردە جێبەجێکراوەکان بەرزبوونەتەوە بۆ (271) و جێبەجێ نەکراون و کەم بوونەوە بۆ (56)، ئەوانەی لە قۆناغی جێبەجێ کردنیشدان گەیشتوونەتە (121)، بەمەش ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان لە ساڵی 2023گەیشتە 74.1%.
ڕۆژی (5ـی حوزەیرانی 2024) بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ڕاپۆرتی ساڵی دووەمی جێبەجێکردنی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (2025-2021) لەلایەن دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان خرایەڕوو، دوای ئەوەی ئەم پلانە لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2021 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا و کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە.