بەرگری شارستانی سۆران: داوا لە گەشتیاران دەکەین کە منداڵی بیرکۆڵیان هەیە نزیک ڕووبارەکان نەکەونەوە

گوتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران ڕایگەیاند، داوا لە هاووڵاتیان و گەشتیاران دەکەن کە منداڵی ناکام و بیرکۆلیان هەیە بەهیچ شێوەیەک نزیک ڕووبارەکان نەکەون.

ئەمڕۆ هەینی، 7ـی حوزەیرانی 2024، ڕەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ کاتژمێر 09:00 ئاگادارکراینەوە بەبونی حاڵەتێک کە گومانی خنکانی لێدەکرێت لە قەزای چۆمان گەشتیاری کە هی منالێکی ناکام تەمەن 14 ساڵ ڕەگەز کچ، بەناوی "مریەم ئیسماعیل خدر" دانیشتوی کەرکوک لە کاتژمێر 06:00 بەیانی ون بووە.

بەگوتەی ئەو گوتەبێژە، "خانەوادەکەی ئەو کچە بەمەبەستی گەشت ڕوویان لەو شوێنە گەشتیاریە کردووە".

هەروەها بەگوتەی خانەوادەکەی ئەو کچە 14 ساڵە گومانی خنکانی لێدەکرێت و چونکە نەعلەکانی لە قەراغ ڕووبارەکە جێماوە بۆیە حاڵەتەکە لەنێوان گومانی خنکان و وون بون دایە.

گوتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران ڕاشیگەیاند، دوو تیمی سەربە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دەستییان کردووە بەگەڕان بۆ زانینی چارەنوسی منداڵەکە.

ڕەوەند مەغدید ڕاشیگەیاند، داوا لە هاووڵاتیان و گەشتیاران دەکەن کە منداڵی ناکام و بیرکۆلیان هەیە بەهیچ شێوەیەک نزیک ڕووبارەکان نەکەون، چونکە ئەم منداڵانە هیچ ترسیان لە ئاو نییە و مەترسی لەسەر گیانیان دروست دەبێت.