کارزان هادی: هەوڵ دەدەین گەورەترین نەخۆشخانە لە گەڕەکی هەشتی حەسارۆك بکرێتەوە

رێناس هادی، نوێنەری خاوەن زەوییەكانی هەشتی حەسارۆك: سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان گوێی لە داواكارییەكانمان گرت
کارزانی هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر
کارزانی هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر

K24 – هەولێر:

سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بەڕێوەبەری شارەوانی چواری هەولێر و نوێنەری خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک لەمیانی بەشدارییان لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، باسیان لە گەڕەکی هەشتی حەسارۆک و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ گەڕەکەکە و زەوی دابەش دوو کرد، تێکڕا ئاماژەیان بەوە دا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە خەمی کێشەکانی هاووڵاتییانە.

لە دەستپێکدا کارزان هادی، سەرۆكی شارەوانی هەولێر، ڕایگەیاند، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە خەمی كێشەكانی هاووڵاتییانە، هەروەها بڕیاری دابەش دووی زەوییەکان لە بەرژەوەندی هەژارانە و لێژنەیەكی تایبەت بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە پێكدەهێنرێت.

سەرۆكی شارەوانی هەولێر، ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی قەیرانی داراییەوە زەوییەكان دابەش دوو دەكرێن و، لە هەوڵداین مامەڵەكان بكرێنە ئەلیكترۆنی و دەمانەوێت بە خێرایی رێكارەكان تەواو بكرێن. جەختی لەوەش کردەوە، كابینەی نۆیەم هەوڵی چارەکردنی كێشەی گەڕەکی هەشتی حەسارۆكی داوە.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، زەوی 250 مەتری دەتوانرێت بکرێتە دابەش دوو، بە كەمتر لە مانگێك بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت، هەروەها بە زووترین كات خزمەتگوزاری دەگەیەنینە هاووڵاتییان، چونکە بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیاندنی خزمەتگوزارییە بۆ هاووڵاتییان لە سەرجەم ناوچەکان.

ناوبراو باسی لە جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەک لە گەڕەکی هەشتی حەسارۆک کرد و گوتی: پێنج پڕۆژە لە هەشتی حەسارۆك بە بڕی نۆ ملیار دینار جێبەجێ كراون، هەروەها خزمەتگوزاری زیاتر دەگەیەنینە هەشتی حەسارۆك.

هاوکات گوتیشی: هەوڵ دەدەین گەورەترین نەخۆشخانە لە هەشتی حەسارۆك بکرێتەوە، هەروەها تۆڕی ئاو و كارەبا دەگەیەنینە هەشتی حەسارۆك.

لەلایەکی دیکەوە، نیاز ساڵح، بەڕێوەبەری شارەوانی چواری هەولێر، گوتی: بڕیاری زەوی دابەشی دوو لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە، هەروەها ئاسانکاری بۆ خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک دەکەین.

بەڕێوەبەری شارەوانی چواری هەولێر، گوتیشی: تەواوی زەوییەكانی هەشتی حەسارۆك تاپۆن و تیمەكان بە بەردەوامی لە گەڕەکەکە كار دەكەن و، بە هەوڵەكانی سەرۆكی حكوومەت پڕۆژەكان دەستیپێكردووە.

ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە، تا بودجە هەبێت لە پڕۆژەكان بەردەوام دەبین.

لەلای خۆیەوە رێناس هادی، نوێنەری خاوەن زەوییەكانی هەشتی حەسارۆك ڕایگەیاند، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان گوێی لە داواكارییەكانمان گرت.

باسی لەوەشکرد، پێویستمان بە خزمەتگوزاری سەرەتایی هەیە و پێویستە خزمەتگوزارییەکان بە خێرایی بگەیەندرێتە گەڕەکی هەشتی حەسارۆک.