شەمزینان.. زبڵ و خاشاک سروشتیان ناشیرین کردووە

ڕێگەی سەرەکی شاری شەمزینانی باکووری کوردستان و ڕووباری قەراخ ڕێگەکە بەرەو هەرێمی کوردستان پڕکراوە لە خۆڵ و خاشاک و پاشماوەی پلاستیک و دیمەن و سروشتی جوانی ناوچەکەی بە تەواوی شێواندووە.

فڕێدانی خۆڵ و خاشاک بووەتە هەڕەشە لەسەر سروشت و جوانی ناوچەی شەمزینان و ڕووبارۆک کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، هەر لە سنوورەوە بە درێژایی ڕێگەی چوون بەرەو ئەم ناوچە، پاشماوەی خۆڵ و پلاستیکی کەڵەبووی قەراخ ڕیگەکە وێنایەکی پیس و ناشیرینی بە سروشتە سەرنجڕاکێشەکە داوە، هەم لە وشکانیی هەم لەو پاشماوانەی فڕێدراونەتە نێو ڕووبارەکە.

سەبری ئوزەل، خاوەنکار کە ئێستا دانیشتووی هەرێمی کوردستانە و بە سەردان گەڕاوەتەوە زێدی خۆی لە باکووری کوردستان، ڕاپۆرتێکی لە بارەی ئەو پیسی و خۆڵ و خاشاکە فڕێدراوەی قەراخ ڕیگەی شەمزینانی بۆ پارێزگاری جۆلەمێر ناردووە و ئاماژەی بە ڕۆڵی هەرێمی کوردستانداوە لەوەی چۆن بایەخ بە پاک و خاوێن ڕاگرینی سروشت و ژینگە دەدەن.

هەروەها سه‌لیم نه‌هری هاووڵاتیی باکووری کوردستان دەڵێ "ناوچەکەی ئێمە دەڤەرێکی خۆش و دڵگیرە، بەڵام بەداخەوە کەس خۆی لێ بەخاوەن ناکات و بە درێژایی ئەم ڕێگەیە پیسی و پلاستیکە کەڵەکە بووە و ڕووبارەکەشی پیس کردووە، بۆیە دەبێت چاو لە هەرێمی کوردستان بکەین کە چۆن وڵاتی خۆیان خۆش دەوێت و پاک و خاوێن ڕایان گرتووە، دەبێت ئێمەش بایەخ بەم سروشتە جوانە بدەین و بۆ ئەوەی لە نێو جوانی و بۆنی سروشتەکەی بحەسێینەوە، نەک لەبەر بۆنی گەنیو و پیسییەکەی ڕابکەین".

شارۆچکەی شەمزینان کە هاوسنوورە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پارێزگاکانی هەولێر و جۆلەمێرگ و ورمێ بەیەک دەگەیەنێت، هەروەها شارۆچکە ڕووبارۆک تەنیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوسنوورە و بەهۆی هەڵکەوتەی سەختی جوگرافیایەوە زۆربەی کات لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە بە ناوچەی سەربازیی دیار کراوە، بەڵام هاتووچۆ لە ڕێگەی سەرەکییەکانی بەردەوام ئاسایی بووە و دانیشتوانی شەمزینان و گوندەکانیش گلەیی لە بوونی ئەو ڕووبەرە پیسکراوە دەکەن.

بێریڤان شه‌مزینی دەڵێ "ڕێگەکە زۆر پیس کراوە و پڕییەتی لە پاشماوە و پلاستیک، مەڕو ماڵاتیش لەو ڕێگەیە دەڵەوەڕێنن، ئەو خۆڵ و خاشاک و پیسییە مەترسی بۆ سەر ژیان و ژینگە هەیە، زۆربەی کات پەنجەرەی ماڵەکانمان لەبەر بۆگەنیووی ئەو خوڵ و خاشاکە کەڵەکەبووە، دادەخەین".

هەروەها مەتین هەرکی، خەڵکی هەرێمی کوردستانەو بۆ گەشت سەردانی باکووری کوردستان و پارێزگای جۆلەمێرگی کردووە و دەڵێ "ناوچەکە سروشتێکی جوانی هەیە، بەڵام بەداخەوە خەڵکی بە فڕێدانی پاشماوە و خۆڵ و خاشاک لە قەراخی ڕێگە و نێو ڕووبارەکە، سروشتی ناوچەکەیان قێزەون کردووە، هیوادارین بایەخ بە پاکڕاگرتنی ناوچەکەیان بدەن، چونکە ئەو پیسی و پاشەڕۆیانە زیانی بۆ سروشت، تەندروستی، کشتوکاڵ و سەرچاوەی ئاوی پاک دەبێت".

بە گوێرەی توێژینەوە زانستییەکان پاشماوە پلاستیکییەکان زیانێکی گەورە و مەترسیدار بە پێکهاتە و هاوسەنگیی خاک دەگەیەنن بەشێک لە پلاستیکەکانی وەک بس فینۆڵ، نایلۆن و پۆلی کاربۆنەیت کە لە درووستکردنی سی دی بەکار دەهێنرێت بە شێوەیەکی گشتی ئەوانەن کە توانای دووبارە بەکارهێنانەوەیان کەمە.

هەروەها توێژەرەوان دوای چەندین تاقیکردنەوە ماوەی شیبوونەوەی پلاستیک لە خاکدا بەمشێوەیە پۆلێنکردووە:

جۆری یەکەم: 5 بۆ10 ساڵ.

جۆری دووم: 100 ساڵ.

جۆری سێیەم: هەرگیز شی نابێتەوە.

جۆری چوارەم: 500 بۆ 1000 ساڵ.

جۆری پێنجەم: 20 بۆ 30 ساڵ.

جۆری شەسەم: 50 ساڵ.