جهمال بهرزنجی: کەرتی پۆستە لە هەرێمی کوردستان پێشدەخەین
K24 – هەولێر:
بهڕێوهبهری گشتیی پۆسته و گهیاندن له وهزارهتی گواستنهوه و گهیاندن، دەڵێت: کۆمپانیا و سەنتەری ئیگڵ پۆست دەرفەتی کاری زۆر بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێنێت. هاوکات دەڵێت: کەرتی پۆستە چەندەها سوودی بۆ هاووڵاتیی و حکوومەت هەیە و هەوڵی پێشخستنی کەرتەکەش دەدەین.
جهمال بهرزنجی، بهڕێوهبهری گشتیی پۆسته و گهیاندن له وهزارهتی گواستنهوه و گهیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا ڕایگەیاند، لە زۆرینەی کەرتەکاندا بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو بەدی دەکرێت، هەستمان بەوە کرد بەشی پۆستە کاری کەمی تێدا کراوە، بۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت کۆمپانیایەکی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتمان دروست کرا بۆ ئەوەی ئەو کەرتە پێش بخرێت هاوشێوەی وڵاتە پێشکەوتووەکان.
بهڕێوهبهری گشتیی پۆسته و گهیاندن له وهزارهتی گواستنهوه و گهیاندن، ڕاشیگەیاند، کەرتی پۆستە چەندەها سوودی بۆ هاووڵاتیی و حکوومەت هەیە، دەبێتە کار ئاسانی بۆیان، هەروەها هەر بابەتێک بچێتە پۆستەوە بگوازرێتەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێک ئەوا ئەو کۆمپانیای ئیگل پۆست دەتوانێت بیکات.
ناوبراو لەبارەی شێوازی کارکردنی کۆمپانیای ئیگڵ پۆست دەڵێت: لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکەوە هاووڵاتییان دەتوانن پۆستە بۆ هەر کوێیەکی جیهان بێت بینێرن و بە پێچەوانەوەش. باسی لەوەش کرد، "کەرتی پۆستە لە هەرێمی کوردستان پێشدەخەین".
جهمال بهرزنجی، لەبارەی ڕەخساندنی هەلی کارەوە، گوتی: کۆمپانیا و سەنتەری ئیگڵ پۆست دەرفەتی کاری زۆر بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێنێت، "ئێمە وەک وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کاتێک گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیاکە کرد ئاماژەمان بەوە کرد کە دەبێت بەشی زۆری کارمەندی کۆمپانیاکە ناوخۆیی بن، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان سوودمەند بن لە پرۆژەکە".
ڕۆژی یەکشەممە (9ـی حوزەیرانی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوەڕەسمێکدا کۆمپانیا و سەنتەری ئیگڵ پۆست، کە تایبەتە بە کاروباری پۆستە و گەیاندن؛ لە شاری هەولێر کردەوە.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوەکرد: "لەم سەردەمەدا، پۆستە و گەیاندن، دامەزراوەیەکی زۆر گرنگ و چالاکە و خزمەتێکی زۆر بە هاووڵاتییان دەگەیەنێت و ئاسانكاریی زۆر بۆ ڕاییكردنی ژیان و كاروباری ڕۆژانەی هاووڵاتیان دروست دەكات و كاتێكی زۆریان بۆ دەگەڕێنێتەوە؛ بەم هۆیەوە كاروبارەكانیان بە شێوەیەكی خێرا ڕایی دەکەن. لە هەمانکاتدا، دابینکردنی ئەم خزمەتگوزارییە بە شێوازێکی پێشکەوتوو، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و بارگرانیی لە سەر دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها کەرتی تایبەتیش".
ئیگڵ پۆست، گەیاندنێکی پۆستەی ڕێگەپێدراوی هاوبەشە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پۆستەکردن لە تەواوی جیهانەوە بۆ کوردستان و لە کوردستانەوە بۆ تەواوی جیهان بەردەست دەبێت و خزمەتگوزاریی گەیاندنی ناوخۆی و نێودەوڵەتی لە ڕێگەی زەریا و ئاسمان وشکایی دەتوانن بارەکان بگوازنەوە بۆ ناوچە جیاوازەکان لە سەرانسەری (ئاسیا، ئەفریقا، ئەمەریکای باکوور، ئەمەریکای باشوور، ئەوروپا و ئوستراڵیا).