بۆ لادانی سەرۆکوەزیران خۆپیشاندەرانی یەریڤان شەویان لەبەردەم پەرلەمان بەسەر برد

خۆپیشاندان بۆ دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا
خۆپیشاندان بۆ دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا

خۆپیشاندان لە ئەرمینیا دروست بووە و خۆپیشاندەرانیش داوای دەستلەکارکێشانەوەی نیکۆڵ پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا دەکەن و شەونخونیان لە بەردەم باڵەخانەی پەرلەمان یەریڤان کرد.

پێگەی "نۆڤۆستی" ڕایگەیاند، خۆپیشاندەران شەقامی ناوەندی مارشال باغرامیانیان بە چادر و کورسی داخستووە.

پێشتر بەگرات گالەستانیان، سەرۆکی بزووتنەوەی ئۆپۆزسیۆنی "تاڤوش بۆ نیشتمان" ڕایگەیاندبوو، بەشداربووانی خۆپیشاندانەکەی نزیک پەرلەمان "ناچنە هیچ شوێنێک". هەروەها لای خۆیەوە پۆلیسی ئەرمەنستانیش ڕێگریی لە خۆپیشاندەران دەکات بچنە ناو شەقامی دەمیرچیان کە تەنیشت بینای پەرلەمانە.

بەگرات گالێستانیان، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن داوای دەستپێشخەرییەک کرد بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمان لە 11ـی حوزەیران بۆ تاوتوێکردنی پرسی دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەت، هەروەها داوای لە لایەنگرانی کرد بۆ ماوەی 96 کاتژمێر بەشداری خەباتێکی بەردەوام بکەن.

لە 9ـی ئایارەوە، یەریڤان ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی جەماوەری بەخۆیەوە بینیوە کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە و کۆتاییهێنان بە پڕۆسەی سنووردارکردنی سنوورەکان لەگەڵ ئازەربایجان و گواستنەوەی ژمارەیەک ناوچەی سنووری بۆ باکۆ دەکەن.