جووتیارێک: بەغدا بە ئاشکرا ستەم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکات

ڕێکارەکانی پشکنین و کەمیی پشکی ھەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی بەرھەمی گەنمی ئەمساڵ گرفتی بۆ جووتیاران دروست کردووە، تەنھا 40% بەرھەمەکانیان لێ وەردەگیرێت.

ھەمووان چاوەڕوانن ئەو بڕە گەنمەیان لێ وەربگیرێت کە بۆ یان دیاری کراوە، ئەمساڵ لەگەڵ ئەوەی بەرھەم باشبووە، بەڵام  تەنھا 40% بەرھەمەکانیان لێ وەردەگیرێت، ئەو بڕە گەنمەشی دەمێنێتەوە بۆیان ساخ ناکرێتەوە

غازی حەمەد، جووتیار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئێمەی جووتیار دەبێت ئەو گەنمە یان لە بازاڕ بیفرۆشین یان بیدەینە کۆمپانیای خۆشناو، کە پار کۆمپانیای خۆشناو گەنمەکەی لێ وەرگرتین، دەشڵێت، بۆ ئەوەی ئێمە زیانمەند نەبین دەبێت ئەو بڕە گەنمەمان لێ وەرگرن.

لە کۆی ملیۆنێک و 200 بۆ ملیۆنێک و 500 ھەزار تۆن گەنم کە مەزەندەی بەرھەمی ئەمساڵی جوتیارانی هەرێمی کوردستانە، تەنھا 700 ھەزار تۆن لە سایلۆکان لە لایەن حومەتی عێراقەوە وەر دەگیرێت، ئەوەی زەرەرمەندی یەکەمە جوتیارانن کە تەنانەت ئەو خەرجیەشیان بۆ ناگەڕێتەوە کە کردوویانە بۆ بەرھەمھێنانی گەنم.

جووتیارێکی دیکە بەناوی ڕزگار حوسێن، گوتی: "بەغدا ستەمێکی ئاشکرا لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکات، ئاماژەی بەوەشدا، 100 تۆن گەنممان هەیە 15 تۆنمان لێ وەردەگرن، ئەوەی دیکە دەبێت بەزەر لە بازاڕی ڕەش بیفرۆشینەوە".

گرفتی سەرەکیی جوتیاران بڕیارەکانی پشکنینە لە سایلۆکان لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆری گەنمەکەیان لێوەر ناگیرێت، ئەوەشی لێیان وەر دەگیرێت بەشێکی بەھۆی پشکنینی و مەرجەکان ڕەت دەکرێتەوە.