داواکاری گشتیی ئێران: هاوکاریی مێدیای بیانی بۆ هەڵبژاردن قەدەغەیە

محەممەد موەحیدی ئازاد، داواکاری گشتیی ئێران، هۆشداری دایە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، لە هاوکاریی لەگەڵ مێدیای بیانی، داوای کرد دوور بکەونەوە لە هاندانی هەستیاریی نەتەوەیی و تائیفی، یان بەڵێنی ناڕاستەقینە.

هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران دوێنێ یەکشەممە، دەستی پێ کرد و ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور ناوی کاندیدەکانی ئاشکرا کرد.

موەحیدی ئازاد، لە کاتی کۆبوونەوەی لیژنەی ناوەندی بۆ خۆپاراستن و مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانەکانی هەڵبژاردن گوتیشی: "هاوکاریکردن لەگەڵ مێدیای بیانی تاوانە، نابێت مێدیای بیانی و دوژمنکارانە لە هەڵبژاردنەکاندا بەکاربهێنرێت".

داواکاری گشتیی ئێران، ئاماژەی بە چاودێریی ئەلیکترۆنی کرد بۆ ڕێگریی لە پڕوپاگەندەی دوژمنکارانە و دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی پۆست بۆ پشتگیریی یان دژایەتیی کاندیداکان.

موەحیدی ئازاد، داوای لە بەرپرسان و کاندیداکانی هەڵبژاردن کرد کە "ڕێز لە یەکێتیی نیشتمانی و بەهاکانی شۆڕش بگرن و کەشێکی دادپەروەرانە و کێبڕکێکارانە بۆ هەڵبژاردنەکان دابین بکەن".

داوای لە کاندیداکان کرد کە خۆیان لە "ناوزڕاندن و هەستیاری نەتەوەیی و تائیفی بەدوور بگرن، هەروەها خۆیان بەدوور بگرن لە بڵاوکردنەوەی وێنەی گروپ و لایەنە نایاسایی و دژە شۆڕشگێڕەکان".

گوتیشی، "لەگەڵ ڕاگەیاندنی ناوی کۆتایی کاندیدەکان، ڕەنگە هەندێک شت ڕووبدات، یان هەندێکیش هەست بە ناڕازیبوون بکەن، بەڵام دڵنیاین کە خەڵکی هۆشیار ئارامی دەپارێزن، هەروەها دەبێت کاندیداکان پابەندی بڕیارەکانی یاسایی بن، یاساش دەبێت جیاکردنەوەی نێوان هەموومان بێت".