مێردمنداڵێک بە هەورە بروسکە مرد

هەورە بروسکە
هەورە بروسکە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دووشەممە 10ی حوزەیرانی 2024، مێرد منداڵێکی تەمەن 14 ساڵان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بە هەورە برووسکە مرد.

سامان سەرتیپ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی شەهید خالید، لە کفری بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەم منداڵە ناوی شێرکۆ نەعمانە و تەمەنی 14 ساڵە و دانیشتووی گوندی قوڕیچایی سەر بە قەزای کفریە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە هۆی هەورە برووسکەوە دەستبەجێ مردووە و تەرمەکەشی بۆ توێکاری گەیەنراوەتە نەخۆشخانە.

لە سەرەتای مانگی ڕابردووەوە ئەمە سێیەمین حاڵەتی مردنە بە هەورە بروسکە تۆمار دەکرێت.

لە 6ی ئایاری 2024، لە گوندی عەباداتی سەر بە شارەدێی تازە لە سنووری کەرکووک هەورە بروسکە لە شوانێکی تەمەن 31 ساڵیدا و بەهۆیەوە مرد.

هەروەها ڕۆژێک دواتر لە 7ی ئایاری 2024، لە گەڕەكی هەولێری نوێی شاری هەولێر هەورە بروسكە لە سێ قوتابیدا و یەکێکیان مرد.