ئورسولا ڤۆن دێرلاین: هەرگیز ڕێگە بە لاوازکردنی ئەورووپا نادەین

ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەورووپا
ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەورووپا

سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، سەرباری هەڵکشانی دەنگی ڕاستڕەو و چەپە توندڕەوەکان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، بەڵام هێشتا پارتی ناوەڕاست زۆرینەی بەدەست هێناوەتەوە، ئەمەش مانای وایە خەڵک ئەورووپایەکی بەهێزیان دەوێت.

ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، چواردەوری ئەورووپا بە کێشە و ئاژاوە دەورە دراوە و هەوڵی لاوازکردنی دەدرێت، بەڵام هەرگیز ڕێگە بەوە نادەن.

ئورسولا گوتی، "سوپاسی دەنگدەرانی ئەورووپا دەکەم بۆ بەخشینی متمانەیان بە ئێمە، پارتی ناوەڕاست بەگوێرەی ئامارەکان هێشتا زۆرینەیە ئەمەش هۆکارێکە بۆ سەقامگیریی و ئەورووپایەکی بەهێز. بەڵام پارتە ڕاستڕە و چەپڕەرەوە توندڕەوەکان پشتیوانییەکانیان لە هەڵبژاردنەکاندا زیادی کردوە".

گوتیشی، "هەردەم ئامانجمان ئەوە بووە زۆرینەی پەرلەمانی لە خزمەتی سەقامگرییی ئەورووپا بەکار بهێنین، ئێمە لەگەڵ ئەورووپاین، لەگەڵ ئۆکرانیاین هەروەها لەگەڵ یاساداین".

ڕاشیگەیاند، "چواردەورمان کێشە و ئاڵنگارییە، هەوڵی لاوازکردنی ئەورووپا دەدرێت، بەڵام هەرگیز ڕێگە بەوە نادەین".