10 ساڵ بەسەر داگیرکرانی مووسڵ لەلایەن داعشەوە تێدەپەڕێت

سەدان هەزار کەس لە مووسڵ ئاوارە بوون
دیمەنێکی وێرانیی شاری مووسڵ لە سەردەمی دەسەڵاتی داعش (ئەرشیف)
دیمەنێکی وێرانیی شاری مووسڵ لە سەردەمی دەسەڵاتی داعش (ئەرشیف)

10 ساڵ بەسەر کەوتنی شاری مووسڵ و کۆنترۆڵکردنی لە لایەن چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە تێدەپەڕێت، دوای کەوتنی مووسڵ سەدان هەزار کەس ئاوارە بوون و پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێنا.

ڕێک 10 ساڵ پێش ئێستا شاری مووسڵ لەلایەن چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە داگیر کرا. ئەو ڕووداوە بووە دەستپێکی نەهامەتی بۆ خەڵکی شارەکە و نزیکەی سێ ساڵی خایاند و بووە هەڕەشەیەکەی گەورە بۆ پێکهاتەکان کە ئاکنجیی  پارێزگای نەینەوا بوون.

بەگوێرەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، دوای کەوتنی شاری مووسڵ لە 10ـی حوزەیرانی ساڵی 2014، نزیکەی 500 هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو شارە ئاوارە بوون و پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێنا.

لە دەشتی نەینەوا داعش دەستی بە چەندین تاوانی وەک کوشتن، ڕفاندن، دەستدرێژی، ئاوارەکردنی زۆرەملێی دەرهەق بە پێکهاتەکانی وەک کریستیان، تورکمان، کوردانی ئێزدی، شەبەک و سابیئەی مەندائی کرد.

 دوای ئەوەی داعش دووەم گەورەترین پارێزگای لە عێراق داگیر کرد، بە گوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان نزیکەی 200 هەزار کریستیان لە دەشتی نەینەوا، بە دیاریکراوی لە شاری مووسڵ و قەرەقوش ئاوارەبوون و پەنایان بۆ  هەرێمی کوردستان هێنا.

دوای کەوتنی مووسڵ هێرشی داعش بۆ سەر قەزای شنگال دەستی پێ کرد و ئەمەش بووە هۆی ئاوارەبوونی 200 هەزار کوردی ئێزدی و لە ماوەی چەند رۆژێکدا نزیکەی 10 هەزار کوردی ئێزدی کوژران و ڕفێندران.

پاش چەند ڕۆژێک لە کەوتنی مووسڵ، داعش هێرشی کردە سەر قەزای تەلەعفەر لە دەشتی نەینەوا کە نزیکەی 150 بۆ 200 هەزار تورکمانی تێدابوو، دوای داگیرکرانی لەلایەن داعشەوە؛ نزیکەی 250 هەزار کەس ئاوارەبوون و پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێنا.