مووچەی مانگی نیسانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان دابەش دەکرێت

مووچە
مووچە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی هێزەکانی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکانی بڵاو کردەوە و پرۆسەی دابەشکردنی مووچە دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 10-06-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد،  بڕی 344 ملیار و 875 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی نیسانی هێزەکانی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق و ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەکە دەکرێت.

بە گوێرەی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان دوو ڕۆژ دەخایەنێت (ئەمڕۆ دووشەممە، 10-06-2024 تاوەکوو سبەی سێشەممە، 11-06-2024).

 

 

ئەو وەزارەت و فەرمانگانەی ئەمڕۆ دووشەممە، 10-06-2024 مووچەکەیان وەردەگرن:

- ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

- دەزگا ئاسایش

- هێزەکانی زێرەڤانی

- بەرگریی و فریاکەوتن

- بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پاراستنی دام و دەزگا نەوتییەکان

- پاسەوانی وەزارەتی ناوخۆ/سلێمانی

ئەو وەزارەت و فەرمانگانەی سبەی سێشەممە، 11-06-2024 مووچەکەیان وەردەگرن:

- دیوانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

- هێزەکانی یەکەی 70

- هێزەکانی یەکەی 80

مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ی هێزە ئەمنییەکان

ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی زیاتر لە دوو مانگ بوو، هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج نەکرابوو. ڕۆژی یەکشەممە، 09-06-2024، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن پێش جەژن مووچەی مانگی ئایاریش (پێنج)ـی هێزە ئەمنییەکان خەرج بکەن.

هەر لەو چوارچێوەیە، ماوەی سێ ڕۆژە شاندێکی دیوانی چاودێریی عێراق بۆ وردبینی لە خەرجی و داهاتی سێ مانگی ئەمساڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران، بە تایبەت وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لە دیوانی چاودێریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لە هەولێر.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.

مەسرور بارزانی: لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی فیدراڵ گەیشتووینەتە قۆناغی كۆتایی

ڕۆژی یەکشەممە، 09-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان؛ ڕایگەیاند، "ئێمە بەردەوام لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیداین و گەیشتووینەتە قۆناغی كۆتایی. هیوادارم ئێمە توانیبێتمان لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستدا كارێكی وا بكەین بابەتی بودجە و مووچە بە شێوەیەكی بنەڕەتی چارە بكرێت".

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد: "هیوادارین لە ماوەیەكی نزیك لە پێش جەژن، تەواوی مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەكان و هی مانگی پێنجیش بۆ هەموو هاووڵاتیان دابین بكرێت. هیوادارم چیتر بابەتی مووچە نەبێتە هەواڵ و نووچەی میدیاكان و ئێمە بتوانین پەیوەندییەكانی خۆمان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی بخەینە ئاستێكی دروست و بەرەو پەیوەندیی باشتریش هەنگاو بنێین".