ئایا سەرکەوتنی توندڕەوەکان سیاسەتی یەکێتیی ئەورووپا دەگۆڕێت؟

پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا
پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا

هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا کۆتایی هات، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوتەکان لە کۆی 720 کورسی پەرلەمانی ئەورووپا 319 کورسیان مسۆگەر کردووە، بەروارد بە هەڵبژاردنی ڕابردوو 17 کورسی زیاتریان بەدەست هیناوە.

لەبەرامبەردا کورسی پارتە چەپڕەوەکانیش لە 220 بۆ 230 کورسییان بردووەتەوە، بەمەش بەروارد بە هەڵبژاردنی رابردوو نزیکەی 25 کورسی کەمتریان بەدەست هێناوە.

ئەو پارتانەشی کە بەپارتی ناوەڕاست یان میانەڕەو ناسراون، نزیکەی 200 کورسیان بەدەست هێناوە.

لە بارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاندووە، سەرباری زیادبوونی دەنگی ڕاستڕەو و چەپە توندڕەوەکان  لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا، بەڵام هێشتا پارتی ناوەڕاست زۆرینەی بەدەست هێناوەتەوە، ئەمەش مانای وایە خەڵکی ئەورووپایەکی بەهێزیان دەوێت.

ڕاشیگەیاندووە، چواردەوری ئەورووپا بە کێشە و ئاژاوە دەورە دراوە و هەوڵی لاوازکردنی دەدرێت، بەڵام هەرگیز ڕێگە بەوە نادەین.

سەرکەوتنی توندڕەوەکان لەم هەڵبژاردنە نیگەرانیی لای بەشێکی زۆری پەنابەران دروست کردووە و ترسیان لەوەیە یاسا و سیاسەتی ڕێکخراوەی یەکێتیی ئەورووپا لە بارەی کۆچبەران و داڵدەدانی پەنابەران سەر لە بەری بگۆڕێن، بەمەش نەک چیتر کۆچبەرانی نایاسایی نەتوانن ڕوو لە ئەورووپا بکەن، بەڵکو پەنابەرانیش دەرپەڕێنن.

بە تایبەت سەرکەوتنی هاوپەیمانی فلەمەنکیی نوێ لە بەلجیکا، کە توندڕەوترین پارتە سەبارەت بە دۆسییەی کۆچبەران دا.

هەروەها گۆڕانەکانی خولی نوێی پەرلەمانی ئەورووپا بەهۆی سەرکەوتنی هەردوو دەستەی ڕاستڕەو و چەپڕەوە توندڕەوەکان، پێشبینی دەکرێت سیاسەتی ڕێکخراوەکە بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو کاریگەری لەسەر پرسی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا هەبێت، بەو پێیە بە سەر دوو جەمسەری دژە بۆچوونی یەکتر دابەش بوون.

هەروەها ترس هەیە لەوە توندڕەوەکان هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە لە سەر یاسا و سیاسەتەکانی پەیوەندیدار بە پلانی کشتوکاڵی، کۆچ، ئامانجی کەشوهەوای ساڵی 2040 و بەردەوامبوونی ڕێوشوێنە ژینگەییەکان و ڕەتیان بکەنەوە.

سباستیان میلەر، لە پەیمانگای جاک دێلۆرس، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕایگەیاندووە، ناکرێت دەنگی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان و ڕاستڕەوە سەربەخۆکان پێکەوە کۆ بکرێنەوە، چونکە کاریگەرییەکان لە ئەنجوومەنی یاساداناندا سنووردار دەبێت.

ئاماژەشی داوە، بەرزبوونەوەی دەنگی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان، بەتایبەتی لە فەرەنسا دەبێت بە هەند وەربگیرێت، چونکە کاریگەری لەسەر سیاسیەتی کۆمیسیۆن دەبێت، ئەگەر ڕاستەوخۆش کاریگەریان نەبێت، ئەوا دەتوانن ڕۆڵیکی خراپ بگێڕن، بەو پێیە ئەندامانی پەرلەمانی ئەورووپا یاساکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ئەندام پەسەند دەکەن، لەو کاتەدا ڕاستڕەوە توندڕەوەکان دەتوانن هەژموون و ئەجێندای خۆیان بسەپێنن.

هەڵبژاردنە گشتییەکانی پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا لە 6 بۆ 9ی حوزیرانی 2024 لە 27 وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوەکە بۆ هەڵبژاردنی 720 پەرلەمانتار بەڕێوەچوو کە 360 مليۆن کەس مافی دەنگدان و بەشداربوونیان هەبوو.

لە ساڵی 1979ـەوە ئەمە دەیەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپایە دەکرێت و هەر خولێکی هەڵبژێردراو پێنج ساڵ لە ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن.