ژنەکەی بەغدادی زانیاریی نەبیستراو دەدرکێنێت

دایکی حوزەیفە، هاوسەری ئەبوبەکر بەغدادی
دایکی حوزەیفە، هاوسەری ئەبوبەکر بەغدادی

"دایکی حوزەیفە" هاوسەری یەکەمی ئەبوبەکر بەغدادی کە ئێستا لە زیندانێکی عێراق دەست بەسەرە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "بی بی سی" باسی ژیانی خۆی و هاوسەر و خەلافەتی ڕێکخراوی داعش دەکات و دەڵێت: هاوینی ساڵی 2014 لەگەڵ هاوسەرەکەی لەشاری ڕەقەی سووریا دەژیا که ئەو کاتە مۆڵگەی ڕێکخراوی داعش بوو لە سووریا. 

هاوسەرەکەی بەغدادی لە چاوپێکەوتنەکەدا گوتی: "بەغدادی، زۆرجار، کاتەکانی لە شوێنی دیکەدا بەسەر دەبرد و لە یەکێک لەو بۆنانەدا پاسەوانێکی ناردە ماڵەکە بۆ ئەوەی دوو کوڕە گەنجەکەیان هەڵبگرێت و بیان بات. دەشڵێت: "پێی گوتم کە ئەوان دەچن بۆ گەشتێک تاوەکو کوڕەکانی فێری مەلەکردن بکات".

باس لەوەش دەکات، لە ماڵەکەدا تەلەفزیۆنێک هەبوو و بە نهێنی سەیری دەکرد. ئەو دەڵێت: "کاتێک ئەو لە ماڵەوە نەبوو بەکارم دەهێنا"، ڕوونی دەکاتەوە کە بەغدادی وای دەزانی تەلەفزیۆنەکە کار ناکات.

دایکی حوزەیفە ئاماژەی بەوەش کرد، لە ساڵی 2007ەوە لە جیهان دابڕاوە، بۆی نەبووە سەیری تەلەفزیۆن بکات و یان هیچ ئامێرێکی تەکنەلۆجیا بەکار بهێنێت، گوتیشی: دوای چەند ڕۆژێک پاسەوانەکە هات و منداڵەکانی برد، دواتر کە تەلەفزیۆنەکەی داگرساند زۆر حەپەسا.

ڕاشیگەیاند، بینی هاوسەرەکەی لە مزگەوتی گەورەی نووری لە شاری موسڵ وتارێکی پێشکەش کردووە، بۆ یەکەمجاریش خۆی بە خەلیفەی موسڵمانان ناساندووە. ئەمەش تەنها چەند هەفتەیەک دوای کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە بوو لەلایەن چەکدارەکانی ئەو ڕێکخراوە.

هاوسەرەکەی بەغدادی دەڵێت: حەپەسام کاتێک زانیم منداڵەکانی لەگەڵ خۆی بردووەتە موسڵ لە جیاتی فێرکردنی مەلەوانی. هەروەها لە قسەکانیدا خۆی وەک قوربانییەک نیشان دەدات کە هەوڵی هەڵاتنی لە دەستی هاوسەرەکەی داوە، هەروەها ڕەتی کردەوە بەشداری لە هیچ کام لەو چالاکییە دڕندانەی داعشدا کردبێت.

ئەمەش بە پێچەوانەی ئەو داوای یاساییەیە کە ئەو ئافرەتە ئێزیدیانەی لەلایەن ئەندامانی داعشەوە ڕفێندرابوون و دەستدرێژییان کراوەتە سەر، باسی لێ کرابوو.

دایکی حوزەیفە له ساڵی 1976 له عێراق لە دایک بووە و لە ساڵی 1999 هاوسەرگیری لەگەڵ ئیبراهیم عەواد کردووه که دواتر، بە ئەبوبەکر بەغدادی ناسراوە.

بەغدادی خوێندنی شەریعەی لە زانکۆی بەغدا تەواو کردبوو، هاوسەرەکەی دەڵێ: لەو کاتەدا "دیندار بوو، بەڵام توندڕەو نەبوو، پارێزکار بوو، بەڵام کراوە بوو".

ئەبوبەکر بەغدادی، سەرکردەی داعش
ئەبوبەکر بەغدادی، سەرکردەی داعش

لە ساڵی 2004 و دوای ساڵێک لە لەشکرکێشییەکەی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق، هێزەکانی ئەمەریکا بەغدادییان دەستگیر کرد و نزیکەی ساڵێک لەگەڵ چەند پیاوێکی دیکەدا لە زیندانێکی سەربازگەی بوکا، لە باشوور دەستبەسەر بوو، لەگەڵ چەند پیاوێکی دیکە کە دواتر بوونە ئەندامی باڵای بەناو دەوڵەتی ئیسلامی.

ئەوانەی بەغدادی دەناسن دەڵێن، پێش دەستگیرکردنی لە سەربازگەی بوکا پەیوەندی لەگەڵ قاعیدە هەبووە، بەڵام هاوسەرەکەی دەڵێت: دەستگیرکردنی ئەو خاڵی وەرچەرخان بوو کە دوای ئەوە توندڕەوتر بوو.

هاوسەرەکەی بەغدادی پێی وایە "لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا تووشی ئەشکەنجەی سێکسی بووە"، هەرچەندە بە ڕوونی وای نەگوتووە، وێنەکانی زیندانی ئەبوغرێب لە عێراق کە لەلایەن ئەمەریکاوە بەڕێوەدەبرا و بڵاوکرایەوە، بەغدادی لەو ماوەیەدا دەستگیر کرابوو، دەرکەوت کە زیندانییەکان ناچاری کردەوەی قێزەوەنی سێکسی دەکران.

ئەو دەڵێت: دەستی کردووە بە پرسیارکردن لەوەی ئایا سەر بە گروپێکی توندڕەوە؟ هەروەها "کاتێک دەهاتەوە ماڵەوە، یان کاتێک خۆی دەشۆرد، یان کاتێک دەخەوت، جلەکانی دەگەڕام".

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، تەنانەت لە جەستەیدا دەگەڕام بۆ دۆزینەوەی شوێن چەقۆ، یان برین، بەڵام هیچم نەدۆزیەوە.

باس لەوە دەکات کە چۆن لە ماڵێکەوە بۆ ماڵێکی تر دەگوازرێنەوە و چۆن ناسنامەی ساختەیان هەبووە و چۆن بەغدادی ژنی دووەمی هێناوە. ئوم حوزەیفە دەڵێت: داوای جیابوونەوەی کردووە، بەڵام  هاوسەرەکەی ڕازی نەبووە کە دەستبەرداری منداڵەکانیان بێت، بۆیە لەگەڵیدا ماوەتەوە.

هاوسەرەکەی بەغدادی دەڵێت: "ئێمه لە مانگی یەکەمی ساڵی 2012 چووینە گوندەکانی ئدلیب لە سووریا؛ لەوێ بەتەواوی بۆم ڕوون بووەوە کە ئەو ئەمیرە لە "ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی".

هاوسەرەکەی بەغدادی ئەوەشی گوت: لەو کاتەدا دەستی کردووە بە پۆشینی جلوبەرگی ئەفغانی و بەردانەوەی ڕیش و هەڵگرتنی دەمانچە.

لەگەڵ تێکچوونی دۆخی ئەمنی لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا لەکاتی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا، چوونەتە شاری ڕەققە، کە دواتر بوو بە پایتەختی خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی.

لە مانگی یەکەمی ساڵی 2015 داعش ئەو ناوچانەی داگیر کردبوو
لە مانگی یەکەمی ساڵی 2015 داعش ئەو ناوچانەی داگیر کردبوو

تیمێکی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردەوە، بەڵگەیان دۆزیوەتەوە کە داعش جینۆسایدی ئێزیدییەکانی کردووە و ئەو گروپە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی کردووە، لەوانە کوشتن، ئەشکەنجەدان، ڕفاندن.

داعش لە ڕێگەی پەخشی سۆشیال مێدیاوە تاوانەکانی خۆی پەخش دەکرد، لەوانە سەربڕینی بارمتەکان و سووتاندنی فڕۆکەوانە ئوردنییەکە. ڕووداوێکی دیکە ڕوویدا ئەویش کاتێک ڕێکخراوەکە نزیکەی 1700 سەربازی ڕاهێنراوی عێراقی، کە زۆربەیان شیعە بوون، سەربڕی، کاتێک لە سەربازگەی سپایکەر لە باکووری بەغداوە دەگەڕانەوە بۆ شارەکانیان.

ئوم حوزەیفە دڕندەییەکانی داعشی بە شۆکێکی گەورە و نامرۆڤانە وەسف کردووە، دەشڵێت: "خوێنڕشتنی ناڕەوا شتێکی ترسناکە و لەم ڕووەوە چەکدارانی ڕێکخراوەکە سنووری مرۆڤایەتییان تێپەڕاندووە".

هاوسەرکەی بەغدادی لەدرێژەی گوتەکانیدا گوتی: لەگەڵ هاوسەرەکەی مشتومڕیان بووە و پێی گوتووە دەستەکانی بە خوێنی خەڵکی بێتاوان سوورە، دەبوایە بەگوێرەی شەرعی ئیسلام شتی دیکە هەیە وەک ڕێنماییکردن بۆ تەوبەکردن.

هاوسەری سەرکردەکەی داعش باس لەوە دەکات کە چۆن هاوسەرەکەی لە ڕێگەی لاپتۆپەکەیەوە پەیوەندی لەگەڵ سەرکردەکانی داعش کردووە و دەڵێت: لاپتۆپەکەی لەناو جانتاکەیدا بووە بۆیە "هەوڵمدا بیکەمەوە تا بزانم چی تێدایە، بەڵام چونکە نەخوێندەوار بووم و پاسکۆدی لەسەر بوو، نەمتوانی بیکەمەوە".

دوو کچی گەنج هەبوون بە ناوەکانی سەمەر و زینە "ناوی خوازراون"، دایکی حوزەیفە لەبارەیانەوە دەڵێت، ئەوان تەنها چەند ڕۆژێک لە ماڵەکەی خۆی لە ڕەقە ماونەتەوە پێش ئەوەی بگوازرێنەوە. بەڵام دواتر خێزانەکە ڕوویان لە موسڵ کرد و سەمەریش دەرکەوتەوە، نزیکەی دوو مانگ لەگەڵیان ماوەتەوە.

حەمەد، باوکی سەمەر، کاتێک ساتی ڕفاندنەکەی بیر هاتەوە چاوەکانی پڕ بوون لە فرمێسک، باسی لەوەش کرد، دوو ژنی هەبووە، لەگەڵ 26 منداڵەکەی و دوو برا و خێزانەکانیان، سەرجەمیان لە شارۆچکەی خانسووری سەر بە شنگال ڕفێندراون، لەکاتێکدا ئەو هەڵاتووە بۆ چیای شنگال.

دەشڵێ: تا ئێستا شەش منداڵی بێسەروشوێنن کە سەمەریشیان تێدایە. هەندێکیان دوای دانی پارە گەڕێندراونەتەوە و هەندێکی دیکەش دوای ئازادکردنی ئەو ناوچانەی کە تێیدا دەستبەسەرکرابوون، گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان.

کچەکەی دیکە ناوی زینەیە و خوشکەزاکەیەتی و پێدەچێت لە باکووری سووریا گیر بووبێت. خوشکی زینە، سواد، هەرگیز خۆی دایکی حوزەیفە نەبینیووە، بەڵکو حەوت جار کراوەتە کۆیلە و دەستدرێژی کراوەتە سەر و فرۆشراوە.

سوعاد
سوعاد

حەمید و سوعاد سکاڵای یاساییان لەسەر هاوسەرەکەی بەغدادی تۆمارکردووە بە تۆمەتی تێوەگلان لە ڕفاندن و بە کۆیلەکردنی کچانی ئێزیدی، ئەوان داوای سزای لەسێدارەدانی دەکەن.

سوعاد دەڵێت: "ئەو بەرپرسیار بوو لە هەموو شتێک، یەکێکیان بۆ خزمەتکردنی، یەکێکیان بۆ خزمەتکردنی هاوسەرەکەی خوشکەکەم یەکێک بوو لەو کچانە، سوعاد چیرۆکەکەی لەسەر بنەمای شایەتحاڵی قوربانیانی دیکە کە گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان دەگێڕێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ژنی تاوانبار ئەبوبەکر بەغدادیی، وەک ئەو تاوانبارە.

لەکاتی لێدانی تۆماری سوعاد، لەوەڵامدا هاوسەرەکەی بەغدادی گوتی: "من نکۆڵی لەوە ناکەم کە هاوسەرەکەم تاوانبار بووبێت"، بەڵام زۆر پەشیمانە لەوەی بەسەریان هاتووە و ئەو تۆمەتانەشی ڕەت کردەوە کە ئاراستەی کراوە.

لە ساڵی 2019 هێزەکانی ئەمەریکا هەڵیانکوتایە سەر ئەو شوێنەی کە بەغدادی لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی خۆی حەشاردابوو لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا، بەغدادی لەکاتی خۆی تەقاندەوە و خۆی و دوو منداڵەکەی کوژران، هاوکات لە چوار ژنەکەی دوویان لەکاتی شەڕکردندا کوژراون.

دایکی حوزەیفە، لەژێر ناوێکی خوازراودا لە تورکیا دەژیا، لە ساڵی 2018دا لەوێ دەستگیر کرا، لە مانگی شوباتی هەمان ساڵدا گەڕێنرایەوە بۆ عێراق، لەو کاتەوە لە زیندان دەست بەسەرە. هەروەها کچە گەورەکەی بەناوی ئومەیمە لە زیندان لەگەڵیدایە. هاوکات فاتیمەی کچیشی کە تەمەنی نزیکەی 12 ساڵە، لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردنی گەنجان ڕاگیراوە، هەروەها لە هێرشێکی ئاسمانی ڕووسیا لە سووریا لە نزیک حومس کوڕێکی کوژراوە و کوڕێکی دیکەش لەگەڵ باوکیدا لەناو تونێلەکەدا کوژرا. کوڕە بچووکەکەش لە خانەی هەتیواندا ڕاگیراوە.