بلینکن بۆ هەشتەمین جار دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا (وێنە: AP)
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا (وێنە: AP)

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ دووشەممە، بۆ پرسی ئاگربەستی شەڕی حەماس و ئیسرائیل بۆ هەشتەمین جارە دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرەتای گەشتەکەشی بە میسر و دواتر ئیسرائیل دەست پێ دەکاتەوە.

بە گوێرەی بەرنامەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ڕازی کردنی هەردوو لایەنی شەڕ لە غەززە و ڕاگرتنی شەڕ، لەم هەفتەیەدا سەردانی هەر یەک لە ئوردن، قەتەریش دەکات بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەو دوو وڵاتەوە فشار لە بزووتنەوەی موقاوەمەی ئیسلامی (حەماس) بکات بۆ ئەوەی لە بارەی ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕ لە ئیسرائیل بگەنە ڕێککەوتن.

لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا، بلینکن لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر کۆدەبێتەوە و دواتر دەچێتە ئیسرائیل بۆ دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ هەر یەک لە بنامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیران و یوئاف گالانت، وەزیری بەرگری ئیسترائیل.

لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023 و دەست پێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل ئەمە هەشتەمین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەبەستی سەردانەکەش ڕازیکردنی حەماس و ئیسرائیلە بۆ پابەند بە ئاگربەست و قەبوڵکردنی ئەو دەست پێشخەرییەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە 31ی مانگی ڕابردوو پێشکەشی کردووە.