عەبدولخالق تەڵعەت: دوو لیوا بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی هێزە ئەمنییەکان پێکهێنراوە

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە فەرماندەی هێزە هاوبەشەکان
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە فەرماندەی هێزە هاوبەشەکان

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە فەرماندەی هێزە هاوبەشەکان لە بەغدا ڕایگەیاند، بۆشاییەکی ئەمنیی ئێجگار گەورە هەیە لەنێو هێزە تەناهییەکان، بۆیە دوو لیوا بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی هێزە ئەمنییەکان پێک هێنراوە.

دووشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2024، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە فەرماندەی هێزە هاوبەشەکان لە بەغدا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، چەندان جار گفتوگۆمان لەسەر بابەتی هێزە ئەمنییەکان کراوە، لایەنی عێراقی گەیشتە ئەو بڕوایەی کە بەبێ هێزی پێشمەرگە، ناتوانن ئەو بۆشاییانە پڕبکەنەوە، ئەگەر بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە نەبێت  ناتوانن ئەو شوێنانەی کە پێشتر دیاری کرابوون، کۆنترۆڵی بکەن.

بە گوتەی ئەو نوێنەرە، "دوای ئەو هەموو ساڵە، داعش موسڵ و چەند ناوچەیەکی عێراقی داگیر کرد، لەگەڵ بەشێک لە گوێڕ و مەخموور بە پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگە توانرا ئەو ناوچانە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم و کۆنترۆڵ بکرێتەوە. بەڵام ئەو بۆشاییە ئەمنییە کە ئێستە بەبەردەوامی هەیە، کە چەندان جار بەرنامەی بۆ داڕێژراوە و دوو لیوای بۆ پێک هێنرا، لیوایەکیان تایبەتە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەوی دیکەشیان تایبەتە بە حکوومەتی عێراق".

ئەو نوێنەرە گوتیشی، "هەموو کارەکانی ئەو دوو لیوایە تەواو بووە، بەڵام وا هەست دەکەین کە ماوەیەکە لەلایەن حکوومەتی عێراقی دوادەخرێت، هیوادارم بەزووترین کات ئەو بۆشاییە ئەمنییە ئەو دوو لیوایە پڕبکرێتەوە، چونکە بوونی ئەو بۆ شاییە تەناهییانە مەوداکەی نزیکەی 542 کیلۆمەتر دەبێت، لە سنووری خانەقینەوە دەست پێ دەکات و تا دەگاتە سنووری سەحێلان و خاڵی سنووری سووریا، مەوداکەی ئێجگار زۆرە".

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت ڕاشیگەیاند، "بوونی ئەو بۆشاییە، هەندێک کات هێزەکانی داعش هێرش دەکەنە سەر سوپای عێراقی و حەشدی شەعبی و زیانیان پێدەگەیەنن، هەر بۆیە وا پێویست دەکات ئەو بۆشاییانەی کە هەیە پڕبکرێنەوە و کۆتایی بەم بابەتە بهێنرێت".