لە دیوانییە هەندێک خانووی زێدەڕۆیان ڕووخاند کە خواردنەوەی کحولییان تێدا دەفرۆشرا

ئەمڕۆ دووشەممە، قایمقامی قەزای ناوەندی دیوانیە، هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ لابردنی ئەو خانووە زێدەڕۆییانە دەست پێکرد، کە خواردنەوەی کحولییان تێدا دەفرۆشرێت.

کازم عەبدوڵڵا جبوری، قایمقامی قەزای ناوەندی دیوانیە بە مێدیا ناوخۆییەکانی ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ دووشەممە هەڵمەتێکمان دەست پێ کردووە بۆ لابردنی ئەو خانووە زێدەڕۆییانەی کە دانیشتووانیان خەریکی بازرگانی بە خواردنەوە کحولییەکانن.

جبوری، ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو هەڵمەتە بووە هۆی ڕووخاندنی بەشێکی زۆر لەو خانووانە، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر خواردنەوە کحولیەکان، هەروەها دۆسیەکە ڕەوانەی بنکەی پۆلیسی نیشتەجێبوون کرا و دۆسیەکە خراوەتە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری".