ریال مەدرید لێدوانێكی ئانچیلۆتی ڕەتكردەوە

ریال مەدرید لە بەیاننامەیەكدا لێدوانێكی كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنەری یانەكەی ڕەتدەكاتەوە و جەخت لەوە دەكاتەوە بەهەموو هێزەوە بەشداریی لە مۆندیالی یانەكان دەكەن، لە بەرامبەردا ئانچیلۆتی روونكردنەوەیەكی خێرای بڵاوكردەوە.
بڕیارە بۆ یەكەمجار بە سیستەمێكی نوێ مۆندیالی یانه‌كان به‌ به‌شداری 24 یانه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، لەمبارەیەوە رۆژنامه‌ی جیۆرناڵی ئیتاڵی لێدوانێكی كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنەری ریال مەدریدی بڵاوكردەوە كە تێیدا ئانچیلۆتی دەڵێت: ریال مەدرید ئامادەنییە بەشداریی لە مۆندیالی یانەكان بكات، چونكە فیفا به‌نیازه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ سه‌رجه‌م یارییه‌كانی ئه‌و پاڵه‌وانییه‌تییه‌ ته‌نیا 20 ملیۆن یۆرۆ بدات به‌ ریال مه‌درید، لە كاتێكدا یەك یاریی ریال مەدرید بایی 20 ملیۆن یۆرۆیە.
رۆژنامەی جیۆرناڵی ئیتاڵی لەسەر زاری ئانچیلۆتی نووسیویەتی: فیفا بەم كارەی دەیەوێت یاریزانه‌كان به‌و هه‌موو یارییانه‌ بكوژن و قازانجی داراییه‌كی زۆر به‌ده‌ست بهێنن به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا به‌ پاره‌یه‌كی كه‌م پاداشتی یانه‌كان بكه‌نه‌وه‌.

ریال مەدرید بەهۆی قسەكانی ئانچیلۆتی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە
دوای قسەكانی كارڵۆ ئانچیلۆتی، یانەی ریاڵ مەدرید بەیاننامەیەكی فەرمی بڵاوكردەوە و رایدەگەیەنێت هیچ کاتێک گومانیان نەبووە لە "بەشداریکردنی لە شێوازە نوێیەکەی مۆندیالی یانەکان کە فێدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان رێکی خستووە بۆ وەرزی 2024/2025.
ریال مەدرید لە بەیاننامەكەیدا نووسیویەتی: "لێرەوە پێتان رادەگەیەنین ئێمە لە پاڵەوانێتییەکە رکابەری دەکەین و بە هەموو شانازییەکەوە بەشداریی تێدا دەکەین بۆ ئەوەی بە بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەكە دڵی ملیۆنان هاندەرمان خۆش بکەین".

ئانچیلۆتی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە
دوای لێدوانەكانی رۆژنامەی جیۆرناڵی ئیتاڵی و بەیاننامەكەی ریال مەدرید، ئانچیلۆتی لە پلاتفۆرمی X روونكردنەوەیەكی خێرای بڵاوكردەوە و نووسیویەتی: لە چاوپێکەوتنەکەم لەگەڵ رۆژنامەی جیۆرناڵ وشەکانم لە بارەی مۆندیالی یانەکان بەو شێوەیە خوێندنەوەی بۆ نەکراوە کە من مەبەستم بووە، هیچ شتێک ناتوانێت گرنگیپێدانی من لە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکە رەتبکاتەوە، ئەمە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ ریاڵ مەدرید بەردەوام بین لە بردنەوەی نازناوە گەورەکان.

.