وەزارەتی پەروەردە وادە و ڕێنماییەکانی وەرگرتنی قوتابییان لە قوتابخانەکان ئاشکرا دەکات

وەزارەتی پەروەردە
وەزارەتی پەروەردە

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وادەی وەرگرتنی منداڵان لە باخچەی منداڵان و قوتابییان لە قوتابخانەکان ئاشکرا دەکات، ڕێنماییەکانی وەرگرتنیش بە ئیمزای وەزیری پەروەردە بۆ تەواوی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان دەنێرێت.

رۆژی دووشەممە (10ـی حوزەیرانی 2024)، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێنماییەکانی وەرگرتنی منداڵانی لە باخچەی منداڵان و قوتابییانی لە قوتابخانەکان بە ئیمزای ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتیی پەروەردەی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، زاخۆ، سۆران، ڕاپەڕین، خوێندنی کوردیی لە کەرکووک) ناردووە، کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە رۆژی 6ـی حوزەیران بەکۆی دەنگ بڕیار دراوە کە وەرگرتن و تۆمارکردنی منداڵانی باخچە و  قوتابییان لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی و دەرچووی پۆلی شەشەمی بنەڕەتی لە پۆلی حەوتەمی بنەڕەتی( ئەگەر لە قوتابخەنەکەی خۆی پۆلی حەوتەمی بنەڕەتی نەبێت) و قوتابیی و خوێندکاریی دەرچوویی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی لە پۆلی 10ـی ئامادەیی(زانستیی-وێژەیی-پیشەیی) لە ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی، رۆژی دووشەممە 24ـی حوزەیران دەستپێدەکات تاکوو ڕۆژی پێنجشەممە 22ـی ئابی 2024.

هەروەها، وەرگرتنی منداڵان لە قۆناغی یەکەمی باخچەی منداڵان بۆ لەدایکبووانی(1ـی 1 تاکوو 31ـی 12ـی ساڵی 2020) دەبێت، لەگەڵ وەرگرتنی منداڵان لە قۆناغی دووەمی باخچەی منداڵان(ئەگەر باخچەی مندڵانەکە شوێنی هەبێت)، بۆ لەدایکبووانی (1ـی 1 تاکوو 31ـی 12ـی 2019) دەبێت.

ڕێنماییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە،وەرگرتنی قوتابییان لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی، بۆ لەداکبووانی (1ـی 1 تاکوو 31ـی 12ـی ساڵی 2018) بێت، هاوکات سیستەمی ئی پەروەردە، لەدوای 22ـی ئابی 2024 ەوە بۆ ناو تۆمارکردن لەم بابەتە بەدرێژایی ساڵی خوێندنی 2024-2025 دادەخرێت، پێویستە ڕۆژانە ناوەندەکانی خوێندن ئەو داتا نوێیانە لە سیستەمی ئی پەروەردە تۆمار بکەن، جگە لەو قوتابییانەی لە دەرەوەی هەرێم هاتوونەتەوە کە پێویستە بڕوانامەکانیان بۆ هاوتا بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ تۆمارکردنی( وەرگرتن)، منداڵان و قوتابییان و خوێندکاران لە ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی، هەمان ڕێککارەکانی ساڵی خوێندنی 2023-2024 پەیڕەو بکەن.