دوای 10 ساڵ لە کەوتنی هێشتا شوێنەواری کاولکاریی داعش بەسەر مووسڵەوە دیارە

دیمەنێکی وێرانیی شاری مووسڵ لە سەردەمی دەسەڵاتی داعش (ئەرشیف)
دیمەنێکی وێرانیی شاری مووسڵ لە سەردەمی دەسەڵاتی داعش (ئەرشیف)

دوای 10 ساڵ لە کەوتنی شاری مووسڵ لە هێرشێکی کتوپڕی چەکدارانی داعش، هێشتا شوێنەواریی کاولکاریی و وێرانکاریی بەسەر شارەکەوە ماوە، سەرباریی ئەوەش هەژاریی و بێکاریی تەنگی بە هاووڵاتییانی مووسڵ هەڵچنیووە.

هەرچەندە 10 ساڵ بەسەر کەوتنی مووسڵدا تێپەڕیووە، بەڵام تا ئێستا شوێنەواری داگیرکاریی و کاولکاریی داعش بەسەر خەڵک و شارەکەوە ماوە، تەنیا لە رۆژی یەکەمی داگیرکردنی مووسڵ لە 10ـی حوزەیرانی 2014، زیاتر لە دوو هەزار کەس ئاوارە بوون، داعش دەستی لە سمبوڵ و مەزارگەکانی شارەکە نەپاراست و دەیان مزگەوت و کڵێسای تەقاندنەوە و سەدان شوێنەواریی مێژوویی لەناوبرد.

دە ساڵ لەمەوبەر هیچ کەس لە مووسڵ هەستی بە سەلامەتی نەدەکرد، شوێنەواریی حکومڕانی داعش هێشتا بەسەر خەڵكی شارەکەوە دیارە، داعش دەروونی خەڵك و دانیشتیووان و ماڵ و حاڵیشیانی وێران و لەناو برد.

ماهر مەلوح گەنجێکی مووسڵە و باوکی قوربانیی دەستی تیرۆرە، لەهەموو کەس زیاتر هەست بە ئازاری تیرۆر دەکات، ئەو بۆ کوردستان24، باسی ڕۆژی کەوتنی موسڵی کرد و گوتی: .

رۆژی نۆی مانگ، داعش هێرشیکردە سەر مووسڵ و 10 مانگ داگیریکرد، ئێمە لە بەرامبەر هۆتێلی بەناوبانگی مووسڵ وەستابووین، داعش هۆتێلەکە و نەخۆشخانەی ئیبن سینا و  کۆمەڵگەی پزیشکیی بە تەواوی وێرانکرد، دواتر خانووەکانیش. دەشڵێت، لەو داگیرکارییە بە هەزاران هاووڵاتی مووسڵ کوژران و بە هەزاران ئاوارەبوون، بە هەزارانی دیکەش تا ئێستا بێ سەروشوێنن،  تەنها لە رۆژی یەکەمی داگیرکارییەکەدا لە رۆژئاوای مووسڵ، دوو هەزار و 70 کەس کوژران "

داعش کڵێسای ساعەی ڕووخاند کە گەورەترین کڵێسای مەسیحییەکانی مووسڵ بوو، سەرباریی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری کریستییانەکانی کوشت و ئاوارە کرد، دوای ئازادکردنەوەی شارەکە لە دەستی داعش، کڵێساکە نۆژەنکرایەوە.

لە پاڵ کڵێساکەدا گۆشتفرۆشێکی موسڵمان هەیە بەناوی مەحەمەد تارق حەمودی ، بەهەمان شێوەی کریستیانەکان ئەویش قوربانی دەستی داعشە، ئەو باس لە جیاوازیی بەری ڕاست و چەپی مووسڵ و ئاوارەبوونی کریستیانەکانی بۆ کوردستان24 کرد و گوتی، دوای داگیرکردنی مووسڵ، کریستییانەکان ئاوارەبوون، بەشێکیان چوونە بەری چەپی مووسڵ، ئێستا دۆخی بەری چەپ لە بەری ڕاستی شارەکە باشترە، گوتیشی، ئێرە ناوچەیەکی جێهێڵدراو و بێزارکەرە، هەژاری لە ئاستێکی بەرزدایە و بازاڕ نیە چونکە گەڕەکەکە چۆڵە، ئێمە تا ئێستاش باجی تاوانەکانی داعش دەدەین."

داعش ئەو مزگەوتەش کە ئەبوبەکر بەغدادی خەلافەتەکەی تێدا ڕاگەیاند ڕووخاند، مزگەوتەکە ئیستا لەلایەن یونسکۆوە نۆژەندەکرێتەوە.

دوای ئازادکردنەوەی شارەکە، ئیدارەی ناوخۆیی پارێزگاکە کار دەکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ژیان بۆ مووسڵ بگەڕێننەوە.

تا ئێستا پێنج پردی ڕوخێندراویان نۆژەنکردووەتەوە، لەگەڵ ژمارەیەک نەخۆشخانە کە داعش وێرانی کردبوون.

 سیروان رۆژبەیانی، جێگری یەکەمی پارێزگاری مووسڵ بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد کە پێنج پردی نێوان ڕاست و چەپی مووسڵیان نۆژەنکردووەتەوە، پردێكی دیکەشیان دروستکردووە، گوتیشی، لە قەزا و ناحییەکان، هیچ گوندێک نەماوە کە نەبەسترابێتەوە بە شەقامیی سەرەکی بۆ چوونە شارەکان.

دەشڵێت، سێ هەزار و 200 پرۆژە هەیە، لەو ژمارەیە دوو هەزار و 350 پرۆژە جێبەجێکراون.