کۆمیسیۆن: نزیکەی 440 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان کارتی بایۆمەترییان وەرنەگرتووەتەوە

دەنگدان بە کارتی بایۆمەتری
دەنگدان بە کارتی بایۆمەتری

K24 – هەولێر:

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تاوەکوو ئێستا نزیکەی 440 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان، سەردانی بنکەکانیان نەکردووە بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری.

ڕۆژی دووشەممە (10ـی حوزەیرانی 2024) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕاپۆرتی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری دەنگدانی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکردووە: لە سەرەتای ئەمساڵەوە 379 هەزار و 524 کارتی بایۆمەتری دەنگدانی داوەتەوە بە هاووڵاتییان.

بەپێی ئامارەکەی کۆمیسیۆن، تاوەکوو ئێستا 439 هەزار و 473 دەنگدەر، کارتی بایۆمەترییان لە بنکەکانی تۆماری بایۆمەتری وەرنەگرتووەتەوە.

ژمارەکانی کۆمیسیۆن ئەوەیان دەرخستووە، لە پارێزگای هەولێر، ئەمساڵ 133 هەزار و 370 کارتی دەنگدانی بایۆمتەری بۆ هاووڵاتییان گەڕێنراوەتەوە و تاوەکوو ئێستاش 216 هەزار و 269 کارتی بایۆمتەری لەلایەن هاووڵاتییانەوە وەرنەگیراونەتەوە.

لە پارێزگای دهۆکیش، 98 هەزار و 944 کارتی بایۆمەتری دەنگدان لەلایەن هاووڵاتییانەوە وەرگیراوەتەوە و تاوەکوو ئێستا 68 هەزار و 718 کارتی بایۆمتەری ماوە دابەش بکرێت.

لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، 147 هەزار و 210 کارتی بایۆمتەری دەنگدان دابەشکراوە و 154 هەزار و 486 کارتی بایۆمەتری دەنگدان لە بنکەکانی تۆماری بایۆمەتری ماوەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە (8 تاوەکوو 13ی حوزەیرانی 2024)، دەرگای تۆمارکردن بۆ هاوپەیمانیی، پارتە سیاسییەکان، کاندیدانی سەربەخۆ و کاندیدانی لایەنەکان کردووەتەوە و داوای کردووە، هەر لایەن و کەسێک خواستی بەشداری لە هەڵبژاردنی 2024 پەرلەمانی کوردستان هەبێت دەتوانێت لەو ماوەیە سەردانی نووسینگەکانی کۆمیسیۆن بکەن لە پارێزگاکان بۆ خۆ تۆمارکردن.

پێشتریش کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 5ـی ئەیلوولی 2024ـی پێشنیازکرد و بە نووسراوێکی فەرمیش پێشنیازەکەی ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کردووە.