بەهرام عەریف یاسین: سەرۆک بارزانی ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی لە تێکشکاندنی داعشدا بینی

بەهرام عەریف یاسین، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەهرام عەریف یاسین، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان

فەرماندەیەکی سەربازیی هێزی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، سەرۆک بارزانی تەواوی هێزەکانی پێشمەرگەی لەژێر یەک چەتردا کۆ کردەوە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و وەدەرنانی داعش لەسەر خاکی کوردستاندا.

رۆژی دووشەممە (10ـی حوزەیرانی 2024)، لیوا بەهرام عەریف یاسین، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان و فەرماندەی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش لە بیرەوەری 10 ساڵەی کەوتنی مووسڵ بۆ کوردستان24 گوتی، داعش دوای ئەوەی بەشێکی زۆری سووریای داگیر کرد، پەڕیەوە بۆ مووسڵ، لەوێ دوو فیرقەی سووپای عێراقی لەماوەی 24 کاتژمێردا داڕماند، سوپای عێراقی تەواوی ئەو چەک و تەکنەلۆژیا سەربازییانەی ئەمەریکا کە لەدەستییان بوو، بەجێیان هێشت و کەوتنە دەستی داعش، ئەوەش هۆکار گەلێكی هەبوون، بەشێکی ئەو هۆکارانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مامەڵە خراپەی میلیشیاکان لە ناوچە سووننە نشینەکان پەیڕەویان دەکرد، دەڵێت، ئەو ڕەفتارانەی میلیشیاکان وایان کرد خەڵک لە هێزە ئەمنییەکان دوور بکەونەوە، بۆیە خەڵکەکە بەرگرییان نەکرد لە کاتی هێرشی داعش، لە هەندێ باروودۆخیشدا بوونە هاوکاریی داعش، ئەوە وای کرد مۆراڵی سوپای عێراق هاتە خوارەوە.

بەهرام عەریف یاسین دەڵێت، دەسەڵاتدارانی عێراقی ئەو کاتە گوێیان لە هۆشدارییەکانی سەرۆک بارزانی نەگرت، بۆیە سوپای عێراقی تێکشکا و مووسڵ کەوتە دەستی داعش، بەڵام پێشمەرگە و سەرۆک بارزانی بوونە ئەفسانەی تێکشکاندنی داعش، دەشڵێت،

ئەزموونی خەباتی سەربازیی سەرۆک بارزانی بووە هۆکاری تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش، ئاماژەی بەوە کرد کە، سەرۆک بارزانی پێشمەرگەی کوردستانی لە ژێر یەک چەتردا کۆ کردەوە بۆ سەرخستنی شەڕەکە، بۆیە هێزەکانی هاوپەیمانان سەرسام بوون بە ئازایەتیی پێشمەرگە.

لەبارەی هەڕەشەکانی داعش، بەهرام عەریف یاسین گوتی، داعش هێشتا ماوە و فیکرەی بەردەوامە، پێویستە سەرچاوەکانیان وشک بکرێن، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداشی وەک یەکێک لە هۆکارەکانی کێشەی ئەمنی گەڕاندەوە، بە پێویستی زانی ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن، گوتی، سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی مێژوویی بینی لەوەی ڕاستەخۆ سەرپەرشتیی شەڕەکەی دەکرد لە شەو و ڕۆژدا، بڕیاری ئەوە درا کە داعش لە کوردستان و ناوچەکانی کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم وەدەربنرێن، دەشڵێت، ئەوە دەستکەوتەکانی پێشمەرگەی بردە ئاستێکی زۆر بەرز.