ئاسایشی هەولێر دوو بکوژ دەستگیر دەکات

لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر
لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر

دوو بکوژ دوای کوشتنی کەسێک لە شاری مووسڵ، بەرەو هەرێمی کوردستان و شاری هەولێر هەڵدێن و دەکەونە دەستی هێزەکانی ئاسایشی هەولێر.

رۆژی دووشەممە (10ـی حوزەیرانی 2024)، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بڵاوی کردەوە، لە مانگی نیسانی2024 ، لەشاری گەڕەکی (میثاق)ـی مووسڵ هاوڵاتیەک بەناوی(عارف حامد) کوژرا، دوای ئەنجامدانی تاوانی کوشتنەکە، بکوژەکان بۆ شاری هەولێر هەڵاتوون و خۆیان لە شوێنێک حەشارداوە.

ئاسایشی هەولێر ئاشکرای دەکات، پۆلیسی شاری مووسڵ لەڕێگەی ژووری هەماهەنگیی، وەزارەتی ناوخۆى حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان ئاگادار کردەوە، ئاماژە بەوە دەکات، دوای بەدواداچوون لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی هەولێر شوێنی بکوژەکان ئاشکرا کراوە و بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بەپێی ماددەی (406) لەیاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکران.

بەپێی ڕاگەیاندراوی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، بکوژەکان ناویان (ح ، س ، أ) و (ع ، س ، أ)ە ، لە لێکۆڵینەوەکان دەر کەوتووە هۆکاری کوشتنی هاووڵاتییەکە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی نێوان هەردوولا.