وەزارەتی تەندروستی بۆ رۆژانی جەژن دامەزراوەکانی لە خزمەتیی هاووڵاتییان دەبن

ئەمبوڵانسێکی فریاکەوتنی تەندروستی سلێمانی
ئەمبوڵانسێکی فریاکەوتنی تەندروستی سلێمانی

وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، تەواوی دامەزراوەکانی لە رۆژانی جەژنی قورباندا لە خزمەتی هاووڵاتیاندا دەبن.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی تەندروستی کە رۆژی دووشەممە (10ـی حوزەیرانی 2024)، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی لە ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز، لێژنەی بەدواداچوون لەسەرجەم بەرێوەبەرایەتیی گشتیی و نەخۆشخانەکان کارەکانی خۆی جێبەجێ دەکات، ئاماژە بەوەشدەکات، بۆ هەرکارێکی پێویست و لەناکاو پێویستە هێلی گەرمی پەیوەندی هەبێت، هاوکات لە کاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستیی پزیشکیی و تاقیگەیی کراوە بن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان، پێویستیشە پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشکگریی پابەند بن.  

بەپێێ ڕاگەیەندراوەکە، ئامادەباشی بۆ ئەمبولانس و دابینکردنی گاز و بەنزین دەکرێت و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراك دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هێلەکانی مۆبایلی بەرپرس و (وەرگر)ی بەشەکان پێویستە کراوە بێت و وەڵام بدرێتەوە، نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکیەکان کراوە دەبن.

لە بەشێکی دیکە ڕاگەیەندراوەکە ئاشکرا کراوە، سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەریی کیمیاویی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە بە شێوەی ئێشکگری کراوە دەبێت لەگەڵ سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە، سەرباری تیمەکانی فریاگوزارغی و هێلی (122) بەردەوام دەبن لە ئەرك و کارەکانیان بە شێوەی (24) کاتژمێریی، هەروەها هۆبەی پزیشکیی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاریی.

وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە، تیمەکانی پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشیە گوازراوەکان و چاودێریی تەندروستیی بەردەوام دەبن لە بەدواداچونەکانیان بەشێوەی ئێشکگریی، هاوکات تیمەکانی تەندروستیی بەهەماهەنگی تیمەکانی ڤیتەنەری چاودێری شوێنەکانی سەربڕینی ئاژەڵ دەکەن و چاودێریی مەرجە تەندروستیەکان دەکەن.

بۆ ئاوارەو پەنابەرانیش، وەزارەتی تەندروستیی ئاشکرای کردووە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوام دەبێت و تیمی تەندروستیی لە شوێنە گەشتیاریەکان دادەنرێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بۆ باری لەناکاو.