ئەلێکس بالازس بۆ کوردستان24: کورد هەمیشە هاوپەیمانێکی بەهێزی ئەمەریکا بووە

ئەلێکس بالازس، کاندید بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا
ئەلێکس بالازس، کاندید بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا

K24 - واشنتن:

کاندیدێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کورد هەمیشە هاوپەیمانێکی بەهێزی ئێمە بوونە و هێزی پێشمەرگە چاونەترسانە جەنگاون و ئەگەر دەربچێت کار بۆ بەهێزکردنی هاوپەیمانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات.

ئەلێکس بالازس، کاندید بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا تایبەت بە کوردستان24 ڕایگەیاند، ئەگەر هەڵبژێردرێم، یەکێک لە ئامانجەکانم بەهێزکردنی هاوپەیمانەکانمان دەبێت، چونکە خەڵکی کوردستان شایەنی ئەمەن.

ئەو کاندیدە بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا گوتیشی: "ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی لە ئەمەریکا دەیکەن زۆر گرنگە. کورد هەمیشە هاوپەیمانێکی بەهێزی ئێمە بوونە. هێزی پێشمەرگە چاونەترسانە جەنگاون. وەرگێڕانی ناوی پێشمەرگە بەو مانایە دێت، ئەو کەسەی ڕووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە. چەندین جاریش ئەمکارەیان بۆ ئەمەریکا کردووە".

ئەلێکس بالازس جەختی کردەوە: "یەکێک لەو هۆکارانەی ئێمە لە باکووری عێراق سەرکەوتوو بووین هێزی پێشمەرگە و گەلی کورد بووە".

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ئەلێکس بالازس ئاماژەی بەوەکرد: "لێرە خەڵکی کوردستانی هەن. ئەوان بە ئەمەریکی کوردستانی خۆیان دەناسێنن و تەنیا یەکێکیان بەکارناهێنن. چونکە تەواو خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەمەریکا تێکەڵکردووە. خەڵکانێکن ڕاهێنانی زۆر باشیان پێکراوە، پەروەردەیەکی باشیان هەیە و هەمیشە پشتیوانی ئەمەریکا دەکەن".

لەبارەی پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان، ئەلێکس بالازس گوتی: "وەک ئەمەریکا پێوستە ئاگاداری هاوپەیمانەکانمان بین و پشتیوانییان لێ بکەین. ئەگەر وەک کاندیدی کۆنگرێس هەڵبژێردرێم، یەکێک لە ئامانجەکانم بەهێزکردنی هاوپەیمانەکانمان دەبێت. خەڵکی کوردستان شایەنی ئەمەن و پێویستە بە نزیکی بیانهێڵینەوە".