حووسیەکانی یەمەن: ئەو 11 کارمەندەی نەتەوەیەکگرتووەکان گیراون، دەیان ساڵە سیخوڕن

حووسیەکانی یەمەن ڕایدەگەیەنن، ئەو 11 کارمەندەی نەتەوەیەکگرتووەکان کە دەستگیرکراون لەژێر چەتری نەتەوەیەکگرتووەکاندا کاری سیخوڕیان بۆ ئەمەریکا کردووە.

لەوبارەیەوە عەبدولحەکیم هاشم، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی یەمەن ڕایگەیاند، گروپەکە ماوەی دەیان ساڵە بەناوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە کاری سیخوڕی بۆ ئەمەریکا دەکەن.

سەرۆکی دەزگای هەواڵگری یەمەن ئەوەی خستە ڕوو،گروپێکی سیخوڕی ئەمەریکی ئیسرائیلیمان دەستگیرکرد کە لە کرداری تێکدەران و کارکردنی بۆ دووژمنەکانمان تێوەگلابوون. ئەم گروپە راستەوخۆ لەژێر فەرمانی "سی ئای ئەی" ئەمەریکدابوون.

ئاماژەی بەوەش دا، دوای ئەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە یەمەن لە ساڵی 2015 داخرا، ئەم گروپە بەردەوام بوون لەکاری سیخوڕی لەژێر چەتر و ناوی کارکردنی بۆ دەزگاکانی سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان.

ڕۆژی 5ـی حوزەیران حووسییەکان لەیەمەن 11 کارمەندی ئۆنروا سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانیان دەستگیر کردووە.