دوایین کاروانی حاجیانی ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو سعوودیە بەڕێکەوت

ماڵئاوایی زیارەتکارانی ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو سعوودیە
ماڵئاوایی زیارەتکارانی ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو سعوودیە

ئەمساڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە پێنج هەزار و 300 کەس لە بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بەشدار دەبن کە نزیک دوو هەزاریان خەڵکی پارێزگای ورمێن.

زیاتر لە سێ هەفتەیە چوونی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ سعوودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج دەستی پێکردووە، بەڵام حاجیانی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوایین کاروانی گەشتی حاجیانی ئێرانن بۆ سعوودیە کە لە ڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ورمێوە بەر لە بەڕێکەوتن و ماڵئاوایی، گەردن ئازایی لە کەسوکاریان دەکەن بەرەو جەددە دەچن.

یەکێک لە زیارەتکارەکان دەڵێ "مەبەستی یەکەممان بە دەستهێنانی ڕەزامەندی خوایە و دواتریش بەجێگەیاندنی فەریزەکانە، لە کاروانەکە 120 کەسییەکەی ئێمەدا لە 59 ئافرەت و 91 پیاو پێکهاتووە".

لە پارێزگای ورمێوە 1922 زیارەتکار لە چوارچێوەی پازدە کارواندا بە هەشت گەشتی ئاسمانی دەگەنە فڕۆکەخانەی جەددەی سعوودیە.

بە گشتی لە پێنج پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە 5357 کەس لە حەجی ئەمساڵدا بەشدارن.

پارێزگاکانی دیکە لە حافتەکانی ڕابردوودا زیارەتکارانی خۆیان بەرەو سعوودیە بەڕێ کردووە و حاجیانی ورمێش دوایین کاروانی حاجییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە بەرەو سعوودیە دەچن.

زیارەتکارێکی دیکەی حەج دەڵێ "دۆخی کاروانەکەی ئێمە باشە و ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوە و دابینکردنی پێداویستییەکانی حاجیان زیاتر و باشترە"

حەملەدارێکی حاجیانیش گوتی "نۆ کاروانی سوننەکان لە ورمێ هەن و لە سێ ڕۆژدا دەگەنە جەددە و دواتر بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج دەگوازرێنەوە مەککەی پیرۆز"

ئەمساڵ 87550 کەس لە سەرانسەری ئێرانەوە لە ڕێگای 21 فڕۆکەخانەی ئەو وڵاتە بەرەو سعوودیە چوون بۆ ئەوەی لە ڕێوڕەسمەکانی حەجدا بەشدار بن. گەڕانەوەی حاجییەکان لە ماڵی خوا لە 21ی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات و 22 ڕۆژ دەخایەنێت.