سامان بەرزنجی: ڕێکخراوی جیهانی "WHO" هەردەم پاڵپشت و هاوکار بووە بۆ هەرێمی کوردستان

وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، یاداشتنامەیەکمان گرنگمان پێشکەش بە ڕێکخراوی "WHO" ـی جیهانی کردووە کە لە ئاستی تەندروستی گشتییە بۆ هاووڵاتییان و دامودەزگاکان بە هاوکارییەکی باش.

ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2024، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شاندی ڕێکخراوی "WHO" لێرەن کە پێشتر ئێمە یاداشتنامەیەکی گرنگمان پێشکەش بە ڕێکخراوی "WHO" ـی جیهانی کردبوو کە لە ئاستی تەندروستی گشتییە بۆ هاووڵاتییان و دامودەزگاکان بە هاوکارییەکی باش و پاڵپشتییەکی باشیش بهێڵینەوە.

بە گوتەی ئەو وەزیرە، "وەزارەتەکەی ئێمە کە بەشداربوو لە کۆبوونەوەی وەزیرانی تەندروستی جیهان لە شاری جنێف، لەگەڵ کۆبوونەوەی وەزیرانی تەندروستی وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەراستیشدا کۆبووینەوە و کۆبوونەوەی تایبەتیش لەگەڵ بەرپرسی نوێی ڕێکخراوی جیهانی "WHO" ـی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست د. حەنان بەڵخی، کردووە و دوامان لێکردبوو سەردانی هەرێمـی کوردستان بکات و بەڵێنیدا لە مانگەکانی داهاتوودا سەردانی کوردستان بکات".

لای خۆیەوە سامان بەرزنجی، سوپاسی بەرپرسی ڕێکخراوی جیهانی "WHO"ـی کرد کە هەردەم پاڵپشت و هاوکارە پشتگیر بووە لە بەرەنگار بوونەوەی نەخۆشییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان.

وەزیری تەندروستی دەڵێت، "لە هەرێمی کوردستان چەندان نەخۆشی هەیە کە ئێمە لای خۆمانەوە زیاتر چاودێری بارودۆخەکە دەکەین، بۆ ئەوەی ئەو نەخۆشییە کە تای خوێنبەربوونە لە عێراقدا بەربڵاوە، دەمانەوێت لە هەرێمی کوردستان بەو ئاستە نەبێت و بڵاوببێتەوە، هەروەها نەخۆشی سکچوونە کە بەرەو وەرزی گەرما دەڕۆین، هەموو ئەو نەخۆشیانەی کە دەگوازرێنەوە بە شێوەیەکی گشتی ئاستی چارەسەری و خولی ڕاهێنان بۆ چۆنییەتی چارەسەر و پارێزی بکرێت".

سامان بەرزنجی گوتیشی، "هیوادارین لەو یاداشتەی کە پێشکەشمان کردووە هەرێمی کوردستان ببێتە یەکەمین لەسەر ئاستی جیهان".