پڕۆژەی گەشەپێدان وڵاتانی کەنداو بە ئەورووپا دەبەستێتەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوادەکات پرۆژەی گەشەپێدان لە خزمەت هەموو پێکهاتەکاندا بێت، پێکهاتەکان پشتگیری ئەم بۆچوونەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێن: "دەبێت خێر و بێری ئەم وڵاتە بۆ هەموو ناوچەیەک و تەواوی گەلانی عێراق بێت، پرۆژەی گەشەپێدان پرۆژەیەکی گرنگە و وڵاتانی کەنداو بە ئەوروپا دەبەستێتەوە".

پڕۆژەی گەشەپێدان ئەو پڕۆژەیەیە کە عێراقییەکان هیوای گەورەیان لەسەر هەڵچنیوە.

پرۆژە چوار قۆڵییەکەی عێراق و تورکیا و ئیمارات و قەتەڕ دەروازیەکە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووری عێراق، هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە لەو پڕۆژەیە دەڕوانێت و سەرۆکی حکوومەت داوا دەکات، هەموو پێکهاتەکانی عێراق سوودمەند بن لەو پرۆژەیە، بەتایبەت ئەو پرۆژەیە بە 11 پارێزگا و ناوچەی پێکهاتە جیاواز تێدەپەڕێت.

عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پشتگیری لە بۆچوونی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان بتوانن لە خێر و بێری ئەو وڵاتەی کە ناوی عێراقە، سوودمەندبن، ئێمەش وەکو تورکمان، پێکهاتەکانی دیکەش، مافی ئەوەیان هەیە لە هەموو خێرێکی ئەم ولاتە بەشیان هەبێت، بەشێوازێکی یەکسانی بتوانن سوودمەندبن.

ڕێگەى گەشەپێدان، بە 11 پارێزگادا تێدەپەڕێت، لە بەندەری فاوەوە دەستپێدەکات و لە خابوور کۆتایی دێت، درێژییەکەى 1200 کیلۆمەتر دەبێت و تێچووی 17 ملیار دۆلارە، 10.5 ملیار دۆلار بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت و 6.5 ملیار دۆلاریش تێچووی دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکە دەبێت.

ئاسۆ کوردۆ، ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی کارگێڕیی و بازرگانی دەڵێت، "لە ڕووی ئابوورییەوە ناوچەکە گەشەسەندنێکی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت، ڕاستە گەشەپێدانێکی ئابوورییە، بەڵام داهێنانیشە، چونکە لەدوای ئازاد کردنی عێراقەوە، عێراق تەنیا چاوی لە گەشەسەندنی نەوت بووە لە ڕووی بازرگانییەوە، لە ڕووی هەلی کاریشەوە نزیکەی 100هەزار هەلی کار دەڕەخسێت بۆ هەموو عێراق، بەڵام ئەگەر تیشک بخینە سەر هەرێمی کوردستان، لە خابوورە زیاتر گەشە سەندنەکە بەخۆوە دەبینێت، چونکە ولاتانی ئەورووپا جەخت لەسەر ئەو مەرزە دەکەن، ئەو مەرزە لە مەرزێكی ئاسایی دەگۆڕێت بۆ مەرزێکی نێودەوڵەتی".