پارێزگاری هەولێر: ڕووداوەکەی هەولێری نوێ لەسەر زەوییەکی وەبەرهێنان بووە

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بەداخەوە چوار کەس لە ڕووداوەکەی هەولێری نوێ بوونەتە قوربانی، ئەوەش بۆ کیشەیەکی 10 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ڕووداوەکەی گەڕەکی هەولێری نوێ ڕایگەیاند، بەداخەوە چوار کەس لەو ڕووداوە بوونەتە قوربانی، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس بۆ تەشەنە نەکردنی ڕووداوەکە ڕێکارەکانیان گرتووەتە بەر و خەڵکیش لەسەر ئەو ڕووداوە دەستگیر کراوە.

ئومێد خۆشناو، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کێشەیە هی ئێستا نییە و ڕەنگە هی 10 ساڵ لەمەوبەر بێت، کە زەوییەک بووە و دراوەتە وەبەرهێنەرێک، لە ئەنجامی جێ بەجێ نەکردنی پڕۆژەکە زەوییەکەی لێوەرگیراوەتەوە، پاشان ئەو زەویییە بە وەبەر هێنەرێکی دیکە دراوە.

باسی لەوەشکرد، دەنگۆی ئەوە هەبووە کە ئەو زەوییە لەلایەن پارێزگاوە دراوە، گوتیشی: نە زەوی نە مۆڵەتی پڕۆژە پارێزگا نایدات و پەیوەندی بە پارێزگاوە نییە، بەڵام وەکو حکوومەت پەیوەندی بە هەموومانەوە هەیە، هەروەها کەسی یەکەم کە زەوییەکەی پێدراوە و دواتر بە پڕۆسەیەک دراوەتە کەسێکی دیکە، کەیسەکە لە دادگا بووە.

پارێزگاری هەولێر گوتیشی، چەندین جار ئەو دوو گرووپە سکاڵایان هەبووە و دانیشتیان پێکراوە، بەڵام بەداخەوە لەسەر ئەنجامەکانی دادگا ڕانەوەستان و دوێنێ ئەو ڕووداوەی لێکەوتەوە. بۆیە دەێڵێمەوە زەوی لەشارەوانی دیاری دەکرێت و پڕۆسەکە بە هێچ جۆرێک پەیوەندی بە پارێزگاوە نییە.