قەیرانی ئابووری باسی گەرمی بانگەشەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێرانە

بانگەشەی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران لە کەناڵی فەرمیی ئەو وڵاتەوە دەستی پێ کرد، هەر شەش کاندیدەکە لە یەک مێدیاوە بانگەشە دەکەن و پلانی کارکردنی چوار ساڵەیان باس دەکەن، ئەگەر لە هەڵبژاردنی 29ی مانگ دەربچن.

هەریەک لە مەسعوود پزشکیان، محەمەدباقر قالیباف و ئەمیرحسێن قازی‌زادەی هاشمی بەجیا باسی پلانی خۆیان بۆ حکوومەتی داهاتووی وڵاتەکەیان کرد کە تەوەری سەرەکیی باسەکەیان لە بازنەی ڕێکخستنی ئیداری و کاروباری ئابووریدا بوو. بڕیارە پێنج بەرنامەی دیبەتیش لە نێوان کاندیدەکاندا لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکە بەڕێوە بچێت. 

بەپێی ئەوەی نەورۆزی ڕابردوو ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵی نوێی وڵاتەکەی ناو نا ''ساڵی بازدانی بەرهەمهێنان بە بەشداریی خەڵک''، هەروەها بەگوێرەی دۆخی ئابووریی ئێستەی وڵاتەکە و ڕێژەی بەرزی هەڵاوسان، تەوەری سەرەکیی بانگەشەی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران ڕێکخستنی ئیداری و پلانی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بوو.

 ئەمیرحسێن قازی‌زادەی هاشمی کە خۆی لە کابینەی حکوومەتی ئێستەی ئێراندا جێگری سەرۆککۆمار و بەڕێوەبەری دەزگای شەهیدان و خەباتکارانە، جەختی دەکاتەوە، درێژە بە بەرنامە و پلانی حکوومەتی ئیبراهیم ڕەئیسی دەدات کە بە نیوە چڵی ماوەتەوە.

محەمەدباقر قالیباف، کە ئێستا سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانە و لەگەڵ سەعید جەلیلی کاندیدانی سەرەکیی بەرەی بناژۆخوازن دادەنرێن. قالیباف دەڵێ: دروشمی حکوومەتەکەی ''خزمەت و پێشکەوتن'' دەبێت و ئاماژەی بەوە دا 85٪ی ئابووریی ئێران، حکوومییە و لەو جۆرە ئابوورییەشدا بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دژوارە، بۆیە پلان بۆ ئابووریی خەڵک بە ئاشکرا و ڕوون دادەنێت، کێکی ئابووریی گەورە دەکات و بوار بۆ پێشکەوتنی دادپەروەرانە دەڕەخسێنێت.

مەسعوود پزیشکیان، کاندیدی بەرەی ڕیفۆرمخوازیش، بە پێچەوانەی کاندیدەکانی ڕیفۆرمخوازان لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی سەرۆکایەتیی کۆماردا، مژدەی گۆڕانی بنیچینەیی بە خەڵک نەدا و گوتی، بڕیار نییە بەرنامەیەکی نوێ بخەمە ڕوو، چونکە سیاسەتە ستراتیجییەکانی ڕێبەر دیارن و دەبێ جێبەجێ بکرێن.

ئەو کاندیدە کە لە حکوومەتی ڕیفۆرمخوازی محەمەد خاتەمیدا وەزیری تەندروستی بوو، گوتی، من کارم بەوە نییە (AFTF) (ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ناسراو بە گرووپی کاری دارایی) قبووڵ دەکەین یان نا، بەڵام پێویستە پرۆژەیاسایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە لەسەر بنەمای (AFTF) لە ناوخۆی ئێران پەسند بکرێت. چونکە لە بواری پارەدا شەفافیەتمان نییە.

مەحموود سادقی، ئەندامی پێشووی پەرلەمان و ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەی ڕیفۆرمخواز، ڕەخنەی لەو لێداوانەی پزشکیان دەگرێت و لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، لێدوانەکەی لە ئاستی چاوەڕوانیدا نەبوو، ئەگەر بەم هەناسەیە بچێتە پێشەوە ناتوانێ دەنگی ڕێکخراوی ڕیفۆرمخوازان بەدەست بێنێت.

پێشتریش عەباس عەبدی، ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری ڕیفۆرمخواز گوتبووی، ئەگەر مەبەست لە کاندیدکردنی پزیشکیان تەنیا زیادکردنی ڕێژەی دەنگدەرانە هەتا زووە بیکێشنەوە و هەڵەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو دووبارە مەکەنەوە.