چاپوک قادر: هەموو کرێکارانی کارگەکانی مافوور خۆماڵین

بەڕێوەبەری بنکەکانی مافووری دەستکرد لە هەولێر دەڵێت: ئێمە لە کارگەی مافوور خوریی ئاژەڵ بەکار دەهێنین، تاوەکو ئێستا ئێمە خوری لە ئێران هاوردە دەکەین بۆ مافوورەکانمان. مافووریشمان هەیە مەتری بە 200 دۆلارە.

چاپوک قادر، بەڕێوەبەری بنکەکانی مافووری دەستکرد لە هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، خوری ئاژەڵ سوودی هەیە، ئێمە لە کارگەی مافوور ئەو خوریە بەکار دەهێنین، هەروەها پێشتر ئەو ئاژەڵانەی لە چیاکان دەژیان خوریان گرانتربوو لەو ئاژەڵانەی کە لە دەشتەکان دەژیان.

گوتیشی: پێشتر ئەو خورییە پارەی دەکرد، هەناردەی ئێران و ڕووسیا دەکرا، دەشوورا و دەڕسترا لە هیند و پاکستانیش ڕەنگ دەکرا، گوتیشی: تاوەکو ئێستا ئێمە خوری لە ئێران هاوردە دەکەین بۆ مافوورەکانمان.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەداخەوە خوریی ئەو ئاژەڵەی ئێستا سەردەبڕدرێت هیچ سوودی لێ وەرناگیرێت، هەرچەندە کارگەیەکی پاککردنەوەی خوری لە کفری هەیە کە دەتوانرێت بە پارەیەکی کەم ئەو کارگەیەی ڕستن و چنین و ڕەنگکردنە چاک بکرێتەوە، بەڵام نەکراوە.

 چاپوک قادر: ئێمە مافوورمان هەیە 3 بە 4، یەک مەتری بە 200 دۆلارە، بەڵام ڕەنگە مافوورێکی دیکە 12 مەتری بە 200 دۆلار بکڕی بەڵام 12 مەتری ئێمە دەکاتە 2400 دۆلار، کە خۆمان دروستی دەکەین.

گوتیشی: پێشانگایەکمان هەیە لەسەر قەڵاتی هەولێر، هەموو بەرهەمەکانی مافووری "کۆیە، کەسنەزان، بەحرکە، هەریر و ڕواندز" نمایش دەکرێت.