ئەلێکس بالازس: بەبێ پێشمەرگە تێکشکاندنی داعش ئەستەم بوو

ئەلێکس بالازس، بەربژێر بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا
ئەلێکس بالازس، بەربژێر بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

بەربژێرێک بۆ گۆنگرێسی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، زۆرێک لە هاووڵاتییانی جیهان پێزانینیان بۆ ئازایەتی و ڕۆڵی پێشمەرگە هەیە، بۆیە پێویستە هەموومان هەوڵ بدەین تا پێشمەرگە بەهێزتر بکەین.

ئەلێکس بالازس، بەربژێر بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا گوتی: یەکێک لە بەهێزترین هاوپەیمانی ئێمە لە ناوچەکەدا پیشمەرگە و خەڵکی کوردستان بوون  و بە هاوکاری ئەوان توانرا داعش تێک بشکێنرێت.

ئاماژە بەوە دا، بەبێ پێشمەرگە نەدەتوانرا داعش تێک بشکێنرێت، پێویستە ئەمەریکا پشتیوانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات و بەردەوام هاوکاریی پێشمەرگە بکات.

هاوکات دەڵێت: ئێمە دەتوانین چەندین کار بکەین بۆ ئەوەی پشتیوانیی هاوپەیمانەکانمان بکەین، زۆرێک لە هاووڵاتییانی جیهان پێزانینیان بۆ ئازایەتی و ڕۆڵی پێشمەرگە هەیە، بۆیە پێویستە هەموومان هەوڵ بدەین تا پێشمەرگە بەهێزتر بکەین.

لەبارەی پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان، ئەلێکس بالازس گوتی: "وەک ئەمەریکا پێوستە ئاگاداری هاوپەیمانەکانمان بین و پشتیوانییان بکەین. ئەگەر وەک کاندیدی کۆنگرێس هەڵبژێردرێم، یەکێک لە ئامانجەکانم بەهێزکردنی هاوپەیمانەکانمان دەبێت. خەڵکی کوردستان شایەنی ئەمەن و پێویستە بە نزیکی بیانهێڵینەوە".