کاردیناڵ لویس ساکۆ کورسیی پارتریاکی کلدانەکانی عێراق و جیهانی وەرگرتەوە

کاردیناڵ لویس ساکۆ،  پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان
کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی ناساندنی کاردیناڵ لویس ڕافایل ساکۆی وەک پارتریاکی کلدانەکانی عێراق و جیهان دەرکرد و دەسەڵاتی سەرپەرشتیی هەموو کڵێسە کلدانییەکانی هەیە.

بەپێی فەرمانی دیوانیی ژمارە (42228) کە ئیمزای محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی لەسەرە و لە ڕۆژی (5ـی حوزەیرانی 2024) دەرچووە، ئاماژە بەوە دەکات، پاڵپشت بە بڕگەی پێنجەم لە ماددەی یەکەمیی سیستەمی سەرپەرشتی پێکهاتە ئایینییەکان کە بە ژمارە (32) لە ساڵی 1981 دەرچووە، هەروەها پاڵپشت بە فەرمانی دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی لە (30ـی نیسانی 2013)، فەرمانی ناساندنی کاردیناڵ لویس ڕافایل ساکۆ، وەک پارتریاکی کلدانەکانی عێراق و جیهان، دەرکردووە.

لە فەرمانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا، دەسەڵاتی سەرپەرشتی کردنی کڵێسە کلدانییەکان بۆ کاردیناڵ لویس ساکۆ گەڕێندراوەتەوە، وەک ئاماژەی پێ کردووە کە پێشتریش ئەو دەسەڵاتەی هەبووە و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی پابەند کردووە، کە پەیوەست بن بەو فەرمانە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقایعی عێراقی لە (3ـی تەممووزی 2023)، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە مەڕسومی ژمارە (31)، بڕیاری کشانەوەی مەرسومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بڵاوکردەوە کە تایبەتە بە کاردینال پاتریارک لویس ڕافایل ساکۆ. لە ڕوونکردنەوەیەکدا لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق ڕایگەیاند، کشانەوەی مەرسومی سەرۆکایەتیی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردیناڵ لویس ساکۆ ناگەیەنێت، چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرەنسیس و کڵێسای کاسۆلیکییەوە، ئەو پلەی پاتریارکی کڵێسای کلدانی عێراق و جیهانی پێ بەخشراوە.

هەروەها لەتیف ڕەشید ئاماژەی بەوەش کرد: "کشانەوەی مەرسومەکە، بۆ ڕاستکردنەوەی دۆخی دەستووری هات و مەرسومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بەبێ بنەمایەکی دەستووری یان یاسایی بوو، هەروەها بەهۆی داواکردنی مەرسومی هاوشێوەی سەرۆکایەتیی لەلایەن سەرۆکی کڵێساکان و پێکهاتەکانی ئایینی دیکەوە، بەبێ بنەمایەکی دەستووری".

سەرتای مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کاردیناڵ پاتریارک لویس ساکۆ ڕایگەیاند، ئەو هاوشێوەی سیستانی کە مەرجعی باڵای شیعەکانە، ئەویش مەرجعی کریستیانەکانە و هیچ پەیوەندییەکی بە کاری سیاسییەوە نییە، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە ڕەیان کلدانی نوێنەرایەتیی کریستیانەکان ناکات و بەوەش تۆمەتباری کرد کە هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی کڵێساکانی پارێزگای نەینەوا دەدات.

هاوکات سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان هۆشداری دایە حکوومەتی عێراق، ئەگەر لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی دژی کریستیانەکان دەکرێت، نەیەتە دەنگ ئەوا پەنا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبەن.