ڕەمک ڕەمەزان: چەمچەماڵ خەریکە دەخنکێت

چەمچەماڵ
چەمچەماڵ

K24 – هەولێر:

قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، دەڵێت: "بە ناچاری هاوار دەکەم، تکایە بە هانامانەوە وەرن، چەمچەماڵ خەریکە دەخنکێت". هاوکات گوتی: دانیشتووانی مەرکەزی قەزا، ناحیەی شۆڕش و تەکیە زیاتر لە 200 هەزار هاووڵاتییە، وا 12 ڕۆژە ئاوی خواردنەوە بە بەشێکی زۆر لە گەڕەکەکان نەدراوە، تا کەشوهەوا گەرمتر بێت کێشەکە گەورەتر دەبێت.

ڕەمک ڕەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، ڕایگەیاند، لە چەمچەماڵ لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەر پلەیەکی گەرما ڕۆژێک پێدانی ئاوی خواردنەوە بە هاووڵاتییان دوا دەکەوێت، ئەم چیرۆکەی ئاوی چەمچەماڵ تەمەنی درێژە و ژمارەی ئەو بەڵێنانەی پێمان دراوە لە ژمارەی نوسراوەکانمان زیاترە، کەچی کێشەی ئاو وەک خۆیەتی و لە چەمچەماڵ و شۆڕش و تەکیە هەموو هاوینێک قەیرانی ئاو دروست دەبێت.

قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، ئاماژە بەوە دەکات، لە چەمچەماڵی پایتەختی شەهیدان و ئەنفال، زیاتر لە 7 هەزار خێزانی شەهیدان و ئەنفالکراوانی تێدایە، دانیشتووانی مەرکەزی قەزا و ناحیەی شۆڕش و تەکیە زیاتر لە 200 هەزار هاووڵاتییە، وا 12 ڕۆژە ئاوی خواردنەوە بە بەشێکی زۆر لە گەڕەکەکان نەدراوە، تا کەشوهەوا گەرمتربێت کێشەکە گەورەتر دەبێت.

ناوبراو باسی لەوە کرد، "بە ئەرکی ئەخلاقی و مرۆڤدۆستی و وەزیفیی خۆمی دەزانم ئاگادارتان بکەمەوە لە سەرهەڵدانی قەیرانی مرۆیی بەهۆی بێ ئاوییەوە لە چەمچەماڵ، شۆڕش و تەکییە، چونکە پێدانی ئاو بۆ ماوەی زیاتر لە 12 ڕۆژ مانەوەی ئەو ئاوە لە 45 پلەی گەرمی ناو تانکیەکاندا بۆخۆی دەبێتە هۆی دروستبوونی دەیان نەخۆشی، بۆیە تکایە هیمەتێک بکەن و پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە چەمچەماڵ جێبەجێ بکەن کە لە 12/ 4/ 2022 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم فەرمانی جێبەجێکردنی هەیە".

کێشەکە چییە و چۆن چارە دەکرێت؟

ڕەمک ڕەمەزان، گوتی: کێشەکە بەهۆی نەبوونی ئاوی پێویستەوەیە بۆ قەزای چەمچەماڵ، چونکە لە هێڵی دووەمی ئاوی دووکان - سلێمانی ئەگەر کەمتر لە 40 هەزار مەتر سێجا ڕۆژانە ئاو بۆ چەمچەماڵ بنێردرێت ئەم کێشەیە بەردەوام دەبێت.

هەروەها گوتیشی: پرۆژەی ئاوی ماس کە ڕۆژانە 10 هەزار مەتر سێجا بە قەزای چەمچەماڵ دەدرا ئێستە بەهۆی پێداویستیی کۆمپانیاکانی خۆیانەوە زۆر کەم کراوەتەوە و ئاو بۆ چەمچەماڵ نایەت، چارەی بنەڕەتی ئەم کێشەیە تەنها بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ دەبێت.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، چارەی کاتیش زیادکردنی ئاوی چەمچەماڵە لە هێڵی دووەمی ئاوی دووکان - سلێمانی بەشێوەیەک کەمتر نەبێت لە 40 هەزار مەتر سێ جا ئاو لە ڕۆژێکدا.