نه‌به‌ز ئیسماعیل: ژماره‌یه‌كی زۆر هاووڵاتیی هه‌رێمی كوردستان له‌ سعوودیه‌ ده‌ستگیر كراون

نه‌به‌ز ئیسماعیل
نه‌به‌ز ئیسماعیل

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، حاجییانی كوردستان ئه‌وانه‌ی به‌ فه‌رمی و له‌ ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه‌وه‌ چوونه‌ته‌ سعوودیه‌، له‌ دۆخێكی زۆر باشدان؛ ده‌شڵێت، ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتیی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه‌وه‌ چوونه‌ته‌ سعوودیه‌، ده‌ستگیر كراون.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 8ـی نیسانی 2024) نه‌به‌ز ئیسماعیل، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م ساڵ، بڕی سێ ملیار دیناری بۆ پشتیوانیی حاجییانی كوردستان ته‌رخان كرد.

نه‌به‌ز ئیسماعیل ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و سێ ملیار دیناره‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینییه‌وه‌ له‌ وه‌رزی حه‌ج و له سعوودیه‌ بۆ حاجییانی كوردستان خه‌رج ده‌كرێت.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی گوتیشی، حاجییانی كوردستان ئه‌وانه‌ی به‌ فه‌رمی و له‌ ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه‌وه‌ چوونه‌ته‌ سعوودیه‌، له‌ دۆخێكی زۆر باشدان و هیچ گرفتێكیان نییه‌.

نه‌به‌ز ئیسماعیل باسس له‌وه‌ش كرد، ژماره‌یه‌كی زۆر هاووڵاتیی كورد كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه‌وه‌ چوونه‌ته‌ سعوودیه‌، له‌لایه‌ن حكوومه‌تی سعوودیه‌وه‌ ده‌ستگیر كراون و له‌ناو ئه‌و 300 هه‌زار كه‌سه‌دان، كه‌ حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ستگیری كردوون.

سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشا، پێشتر وه‌زاره‌كه‌یان چه‌ندان جار هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستانیان له‌ سه‌فه‌ركردن به‌ ڤیزای بازرگانیی و ڤیزای عومره‌ و ڤیزای یه‌كساڵی ئاگه‌دار كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك له‌و هاووڵاتییانه‌ په‌یامه‌كه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌یان به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گرتووه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌م جۆره‌ ڤیزایانه‌ بۆ سه‌فه‌ری حه‌ج ناشه‌رعی و نایاسایییه‌.

تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌و كه‌سانه‌ی له لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سعوودیه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێن، بۆ شاری جه‌دده‌ دوور ده‌خرێنه‌وه‌ و دواتر كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ مه‌ككه‌، بڕی هه‌زار و 500 دۆلار ده‌ده‌ن. گوتیشی، هه‌یانه‌ 25 جار گیراوه‌ و دوور خراوه‌ته‌وه‌.

ڕۆژی شه‌ممه‌، 8ـی حوزه‌یرانی 2024، محه‌ممه‌د به‌سسامی، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی گشتیی سعوودیه‌ ڕایگه‌یاند، ئه‌م ساڵ ده‌ستیان به‌سه‌ر 140 كۆمپانیای ساخته‌دا گرتووه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی گشتیی سعوودیه‌ جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه‌، به‌ هه‌موو هێزییانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی تێكچوونی ژینگه‌ی سه‌لامه‌تی حاجییانی ماڵی خوا.

محه‌ممه‌د به‌سسامی ئاشكرایشی كرد، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا 64 هه‌زار كه‌سیان ده‌ستگیر كردووه‌، كه‌ ویستوویانه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ نافه‌رمی به‌ ڕێگه‌ و شێوازی جیا جیا چوونه‌ته‌ حه‌ج، بۆ شوێنە پیرۆزەکان بگوازنەوە.

هه‌روه‌ها حكوومه‌تی سعوودیه‌ ڕایگه‌یاند، 300 هه‌زار كه‌سیان ده‌ستگیر كردووه‌ كه‌ ڤیزای یه‌كساڵی و بازرگانی و به‌ ڤیزای عومره‌ چوونه‌ته‌ ئه‌و وڵاته‌ بۆ به‌جێهێنانی سرووته‌كانی حه‌ج.

ڕۆژی سێشەممە، 21ـی ئایاری 2024، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە هۆشداریمان بەو کۆمپانیانەی حەج و عومرە داوە کە بە مۆڵەتی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، خۆیان بە دوور بگرن لە بردنی هاووڵاتیان بۆ حەج بە ڤیزای ساڵیی، یاخود ڤیزای عەمرە و ڤیزای گەشتکردن و بازرگانیی.

هه‌روه‌ها گوتبووی، لێژنەکانمان لێرە و لەوێ چاودێریی ئەوە دەکەن کێ ئەو خەڵکە دەگوازێتەوە؟ ئاماژەی بەوەش کردبوو، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەو شێوەیە سەفەری حەجیان کردووە، بێئەوەی ڤیزای حەجیان هەبێت.

کاروان ستوونی باسی له‌وه‌ كردبوو، سعوودیە ڕایگەیاندووە، هەر خەڵکێک بەهەر ڤیزای دیکە حەج بکات، دەستگیر دەکرێت، ئێمە خەڵک ئاگادار دەکەینەوە بۆ ئەوەی دووچاریی کێشەی یاسایی نەبنەوە.

جه‌ختیشی كردبووه‌وه‌، هەر کۆمپانیایەک لەسەری ساغ بێتەوە خەڵکی بە ڤیزای بازرگانیی بردبێت بۆ حەج، کە پێچەوانەی ڕێنماییەکانی سعوودیەیە، ڕێگەیان پێ نادرێت جارێکی دیکە کاری گواستنەوەی حاجییان بکات.