ژینگەپارێزانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هانای جوانڕۆوە دەچن
شەش ڕۆژە دارستان و پاوانەکانی شاری جوانڕۆ ئاگری گرتووە و هەوڵی چالاکوانانی مەدەنی و ژینگەپارێزانی شارەکەش بۆ کۆنترۆڵی ئاگرەکە بێسوودە.
لەسەر بانگەوازی ژینگەپارێزانی جوانڕۆ زیاتر لە 300 کەسی خۆبەخش لە چەند شارێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە فریای جوانڕۆ چوون بۆ ئەوەی لە هەڵمەتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە و پاراستنی ژینگە و سروشتی ناوچەکە بەشدار بن.
ژینگەپارێزە خۆبەخشەکان لە شارەکانی مەریوان، سنە، ڕوانسەر، پاوە و سەلاسی باوەجانییەوە چوونەتە چیاکانی جوانڕۆ.
شەش ڕۆژە دارستان و پاوانەکانی شەشۆڵ، نۆخان، میراولی، لۆراوەیی سەر لە سنووری جوانڕۆ ئاگریان گرتووە و ژینگەپارێزانی جوانڕۆ و خەڵکی گوندەکانی ناوچەکە شەکەت بوون و نەیانتوانیوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، هەر بۆیە داوایان لە سەرجەم ژینگەپارێزانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد بە هانایانەوە بچن.
لە ناوچە شاخاوییەکانی جوانڕۆ و نزیک شوێنی ئاگرەکە، کەمپێک بۆ یارمەتی و پێداوێستی ژینگە پارێزان دانراوە، لەوێوە خۆیان ڕێک دەخەن و دەستە دەستە بە ئوتۆمبێل یا بە پێ بەرەو شوێنی ئاگرەکە ڕێ دەکەون.
عوسمان عەزیمی ژینگەپارێز دەڵێ "مرۆڤ شانازی دەکات بە کۆمەڵگەیەکی ئاوها، ئەمە هەوڵ و ماندووبوونی ئێوە پیشان دەدات و ئەو خەڵکەی ئەمڕۆ کۆبووەتەوە ئەوە هەوڵی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر نییە، بەڵکو چەندین ساڵە هەوڵ دەدرێ ئێمە بەم جۆرە کۆبینەوە و پشتیوانیی یەکتری بکەین هەر بۆیە گرنگە پارێزگاری لەم هەنگاوە بکرێت و پەرەی پێ بدرێت".
ژینگەپارێزان و تیمە خۆبەخشەکان بۆ کوژاندنەوەی ئەم ئاگرە لە ئامێری زۆر سەرەتایی کەڵک وەردەگرن و قورسایی کارەکە لەسەر هێزی بازو و دەست و مەچەکی خۆیانە. ئاگرە لە سێ قۆڵەوە ڕووبەری زیاتر لە 200 هێکتار دارستان و پاوانی سووتاندووە و سەدان داری قەزوان و بەڕوو بوونەتە خەڵووز.
بە هۆی سەخت بوونی کەژەکان، هەوراز و نشێوی زۆر و زیاد بوونی با و بەربوونەوەی کۆتەرەی دارە سووتاوەکان، لەدوای هەر کوژاندنەوەیەک سەر لە نوێ گڕی ئاگرەکە لە هەمانشوێن یان لە شوێنێکی دیکەوە سەرهەڵدەداتەوە.
ژینگەپارێزان دەڵێن کۆنترۆڵی ئاگرەکە لەم شاخ و کێوە و لەم بارودۆخەدا کاری مرۆڤ نییە و دەبووایە دەسەڵاتداران هێلیکۆپتەری ئاگرکوژێنەوەیان ناردبا.
ئومێد ئەحمەدیان ڕۆژنامەنووس و ژینگەپارێز دەڵێ"کۆنترۆڵکردنی ئەم ئاگرکەوتنەوەیە بەم ڕووبەرە فراوانە لە توانای مرۆڤ نەماوە، بەڵکو دەبوایەت هێلیکۆپتەر یان فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوە بە فریای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بێت، چونکە هەوراز و نشێوی ناوچەکە سەختە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی قورس و سەخت کردووە".
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە کە هێشتا ئاگری دارستانەکانی جوانڕۆ دانەمرکابوو، ڕاگەیاندرا دارستانەکانی مرخێڵ و ئیناخی لە ناوچەی هەوارامانیش ئاگری گرتووە و ژینگەپارێزانی ناوچەکەش دەڵێن ئاگرەکە بەرەو ناوچەی ماسان لە فراوان بوونە و کارەساتێکی گەورەی ژینگەیی بەڕێوەیە، هەر بۆیە داوا لە ژینگەپارێزانی ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن بە هانایانەوە بچن.