ئەنجوومەنی وەزیران ڕێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت و ئامادەکارییەکانی سەرژمێریی گشتیی تاوتوێ دەکات
K24 - هەولێر:
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، تاوتوێی ڕێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان تاوتوێ کرد و هەموو وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هاوکاری وەزارەتی پەروەردە بن بۆ سەرخستنی پڕۆسەی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12.
ڕۆژی چوارشەممە (12ـی حوزەیرانی 2024)، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئەنجامی سەردانی ئەم دواییەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ بەغدا وکۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەر دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەلایەن ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران خرایەڕوو.
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، باسی لە ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و وردەکاریی گفتوگۆی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حکوومەت و کۆمپانیا نەوتییەکانی کرد و ئاماژەی دا کە لە کۆبوونەوەکاندا، شاندی حکوومەتی هەرێم جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە هەرچی زووە ڕێکار و میکانیزمی چارەسەرکردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دابنرێت تا لە نزیکترین دەرفەتدا، لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکرێت و داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمیش بخرێتەوە ناو داهاتی گەنجینەی گشتی عێراق بۆ خزمەتی خەرجییەکان، تاکو چیتر زیان بە گەنجینەی گشتیی عێراق و هەرێمیش نەگات، کە ئەمە خواستی هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدڕاڵ و کۆمپانیا نەوتیەکانیشە، هەروەها ئاماژەشی بەوەدا لە کۆبوونەوەکانی بەغدا، ئامادەیی حکوومەتی هەرێممان دەربڕی بۆ هەر کارئاسانییەک لەم پێناوەدا بە ڕەچاوکردنی بنەما و دەسەڵاتە دەستووریەکان و بەرژەوەندی گشتیی هاوبەش، کۆبوونەوەکانیش لەم چوارچێوەیەدا بەردەوام دەبن.
ئەنجوومەنی وەزیران ستایشی هەوڵەکانی تیمی دانوستانکاری کرد وجەختیشی لەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێم نابێتە بەربەست لە بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و خوازیاری ئەوەیە لە زووترین کاتدا بگەن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە، گفتوگۆکردن بوو لە سەر بڕیارێکی حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە دانانی دوو گۆڕەپانی گومرگیی لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و دیالە کە کاریگەریی لە سەر ڕێڕەوی جووڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
لەلایەن خۆیەوە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ڕاپۆرتێکی لەبارەی کاریگەری و دەرهاویشتە نەرێنییەکانی ئەم بڕیارە لە سەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی خستەڕوو. ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ لە پەیوەندی بەردەوامدا بن بۆ گفتوگۆ بە ئاراستەی چارەسەرکردنی بابەتەکە بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندی گشتی و ئاسانکاریکردن بۆ برەودان بە جووڵەی بازرگانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بێت بە ڕەچاوکردنی دەستوور و یاسا بەرکارەکان و نەهێشتنی ڕۆتین و بەربەستەکان.
پاشان لە بڕگەی سێیەمدا، دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتێکی بەرفراوان و پڕ لە زانیاری لە بارەی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد کە بڕیارە لە مانگی یازدەی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
وەزیری پلاندانان، تیشکی خستە سەر ڕێکار و ئامادەکاریی و هەنگاوەکانی وەزارەتەکەی بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی زانستییانە و لە پێناو گەشەپێدانی هەمەلایەنە بێت و دوور بێت لە دەستوەردان و هەر ئامانجێکی سیاسی بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵەکانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و هەماهەنگیی بەردەوامیان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ و بایەخی سەرژمێریی بۆ مەبەستەکانی بووژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە ئەم سەرژمێریە لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی دادپەروەریی ویەکسانی بێت و دوور بێت لە هەر مەبەستێکی سیاسیی و نەتەوەیی و پێشێلکاریی لە بنەما دەستووریەکان و ماددەی 140ـی دەستووری تایبەت بە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە پێویستە تەنیا دەستوور چارەنووسی ئەم ناوچانە یەکلایی بکاتەوە.
لە کۆتاییدا، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە ئامادەسازییەکانی وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بۆ تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە، لە سەرتاسەری هەرێم خستەڕوو. ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هاوکاری وەزارەتی پەروەردە بن بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە.