زیا پەترۆس: پێکهاتەکان بوونە قوربانی ململانێی سیاسی

زیا پەترۆس، کەسایەتی سەربەخۆی کلدانی
زیا پەترۆس، کەسایەتی سەربەخۆی کلدانی

K24 – هەولێر:

کەسایەتییەکی سەربەخۆی کلدانی، دەڵێت: بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی کورسیی پێکهاتەکان، تێکدانی پێکەوەژیان بوو لە هەرێمی کوردستان. هاوکات ئاماژەی بەوە دا، پێکهاتەکان بوونە قوربانی ململانێی سیاسی.

زیا پەترۆس، کەسایەتی سەربەخۆی کلدانی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بڕیاری دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان بڕیارێکی نادروست بوو، هەروەها بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی شکستخواردووە.

ئەو کەسایەتییە کلدانییە، ئاماژەی بەوە دا، لایەنێک دژی لایەنێکی دیکە هەستا بە تۆمارکردنی سکاڵایەک لە دادگای فیدراڵی لەسەر کورسیی پێکهاتەکان، بۆیە پێکهاتەکان بوونە قوربانی ململانێی سیاسی.

ناوبراو ئەوەشی ڕاگەیاند، لە دادگای فیدراڵی سکاڵام تۆمارکردووە بۆ گەڕانەوەی کورسیی پێکهاتەکان، کە داوای 5 کورسیمان بۆ کریستیانەکان کردووە، بە هەمان شێوە تورکمانەکانیش داوای پێنج کورسییان کردووە.

زیا پەترۆس، دەڵێت: دەمانەوێت وەکو نەتەوە مامەڵەمان لەگەڵ بکرێت نەک ئایین، هەروەها بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی کورسی پێکهاتەکان، هەوڵێک بوو بۆ تێکدانی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان لە نێوان سەرجەم پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکان هەیە.