سێنتکۆم: سێ مووشەکی کروزی دژە کەشتیی و درۆنێکی حوسییەکانمان لە یەمەن تێکشکاند

فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم)
فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم)

هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، سێ مووشەکی کروزی دژە کەشتی لە ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان لە یەمەن لەگەڵ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە بەرەو دەریای سوور هەڵدراوە تێکشکاند.

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە، لە بەیاننامەیەکدا سێنتکۆم لەسەر پلاتفۆرمی "X" ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (CENTCOM) بە سەرکەوتوویی سێ شوێنی هەڵدانی مووشەکی دژە کەشتیی کروزی (ASCM)یان لە ناوچەیەکدا لەگەڵ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە لەلایەن حوسییەکانەوە هەڵدراوە، بەرەو دەریایی سوور لەناو بردووە.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، حوسییەکان دوو مووشەکی بالیستی دژە کەشتییان بەسەر دەریای سووردا هەڵداوە و هیچ زیانێکی گیانی و زیانێکیشی بەر کەشتییە ئەمەریکییەکان و هاوپەیمانان و بازرگانان نەکەوتووە .

ئاماژە بەوەش کراوە، حوسییەکان کەشتیی TUTOR یان کە ئاڵای لیبریا لەسەر هەڵدرابوو و خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی بۆ یۆنانیەکان دەگەڕێتەوە، لە دەریای سووردا کردە ئامانج. بەڵام زیانێکی زۆریان پێگەیاندووە.

لە بەیاننامەکەدا باس لەوەش کراوە، ئەم هەڵسوکەوتە بەردەوامەی حوسییەکان هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەکە دەکات و ژیانی دەریاوانانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن دەخاتە مەترسییەوە.

دوێنێ چوارشەممە، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دوو کەشتیی مووشەکی کروزی دژە کەشتییان لە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی بزووتنەوەی "ئەنساروڵلا"ی حوسییەکان لە یەمەن تێکشکاندووە.

لای خۆیەوە، هێزە چەکدارەکانی یەمەن پێشتر ڕایگەیاندبوو کە دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازی هاوبەشیان لەگەڵ "بەرخۆدانی ئیسلامی عێراق" ئەنجامداوە، شارەکانی ئەسدۆد و حەیفایان کردۆتە ئامانج، هەروەها کەشتی "TUTOR"یان لە دەریای سوور بە بەلەمێکی بێفڕۆکەوان کردە ئامانج.

لە 30ـی ئایاردا ئەنسارڵڵا ئاشکرای کرد کە کۆی ئەو کەشتیانەی لە دەریای سوور و عەرەبی و کەنداوی عەدەن و زەریای هیندی و دەریای ناوەڕاست کراونەتە ئامانج، لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردووەوە بۆ 129 کەشتی ئیسرائیلی و ئەمەریکی و بەریتانیا بەرزبووەتەوە .

گرژییەکان لە دەریای سوور و عەرەبی و کەنداوی عەدەن پەرەی سەندووە، لەوەتەی بزووتنەوەی ئەنسارڵڵا دەستیپێکردووە، لە تشرینی دووەمی 2023 هێرشەکانی بۆ سەر ئەو کەشتییانە دەستپێکردووە کە بە گوتەی خۆی پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە یان بەرەو بەندەرەکانی دەڕۆن، ئەمەش لە وەڵامی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.