نەتەوەیەکگرتووەکان: ژمارەی بە زۆر ئاوارەکراوەکان لە جیهاندا ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کرد

نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند،  ژمارەی ئەوانەی لە جیهاندا لە ئەنجامی  شەڕ و توندوتیژییەوە ئاوارە کراون، تا کۆتایی مانگی نیسانی ڕابردوو گەیشتە 120 ملیۆن کەس.

کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکان لە سەرانسەری جیهان ژمارەیەکی پێوانەییە و جیهان بەرەو دۆخێکی ترسناک دەبات.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ژمارەی پەنابەران لە جیهاندا بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 7% زیادی کردووە و ئەمەش 31.6 ملیۆن کەس لە دۆخێکی هاوشێوەی پەنابەران و 5.8 ملیۆن کەسی دیکەش دەگرێتەوە کە پێویستیان بە پاراستنی نێودەوڵەتی هەیە. جگە لەوەی 6 ملیۆن فەڵەستینی پەنابەرن. بەپێی UNRWA، و بە بەراورد بەوانەی پێشتری 10 ساڵ لەمەوبەر، کۆی ژمارەی پەنابەران لەسەر ئاستی جیهان زیاتر لە سێ هێندە زیادی کردووە.

ڕاپۆرتەکە ڕوونی کردەوە، لە هەر 69 کەس، کەسێک پەنابەرە، واتە 1.5%ی تەواوی دانیشتوانی جیهان، بە زۆر ئاوارە بوون، بە بەراورد بە نزیکەی یەک لە 125 کەس لە 10 ساڵ لەمەوبەر.

کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بۆ 12 ساڵە لەسەریەک ئاوارەبوونی زۆرەملێ لە سەرتاسەری جیهان بەرزبووەتەوە بۆ ئاستێکی پێوانەیی، بەو پێیەی ململانێ و شەڕ کە لە چەند شوێنێکی وەک غەززە و سودان و بۆرما هەڵگیرساون، خەڵکیان ناچارکردووە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن .