ئومێد خۆشناو: لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئاگری پاڵاوگەکەی ڕێگەی گوێڕ کۆنترۆڵ دەکرێت

ئومێد خۆشناو: زیانەکانی نزیکەی هەشت ملیۆن دۆلارە
سووتانی پاڵاوگەیەک لە ڕێگەی هەولێر - گوێڕ
سووتانی پاڵاوگەیەک لە ڕێگەی هەولێر - گوێڕ

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بە گوێرەی ڕاپۆرتی بەرگریی شارستانی، ئەگەری هەیە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئاگری پاڵاوگەکەی ڕێگەی گوێڕ کۆنترۆڵ بکرێت، گوتیشی: بە گوێرەی خەمڵاندنەکان زیانە ماددییەکانی ئەو ئاگرە نزیکەی هەشت ملیۆن دۆلار دەبێت.

پارێزگاری هەولێر لە بارەی ئاگرەکەوە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند،  نزیکەی 15 ساڵە ئەو پاڵاوگەیە هەیە و پرسی مۆڵەتی فەرمی کارکردنیشی جارێ لە لێکۆڵینەوەدایە، چونکە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان مۆڵەتدانەکان دەدات، ئەگەر ئەو پاڵاوگەیە مۆڵەتیشی هەبێت، ئەوە ئەو کەمتەرخەمیانەی کە هەیبوون ڕێکاری پێویست دەگیرێتەبەر.

سەبارەت بە چۆنێتی ئاگرکەوتنەوەکەش گوتی: بەگوێرەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانی بەرگریی شارستانی بەهۆی شۆتی کارەبایی مووەلیدەی یەکێک لە تانکەرەکان بووە و سەرەتا ئاگرەکە لە کۆگایەکی پاڵاوگەکە کەوتووتەوە کە پێنج هەزار تۆن فلۆرین و نەفتای تێدا بووە، دواتر کۆگایەکی دیکەش سووتاوە.

ئومێد خۆشناو ڕاشیگەیاند، تاوەکوو ئێستا تەنیا سێ کارمەند سووتاون و لە نەخۆشخانە چارەی پێویستان بۆ دەکرێت. بەڵام کەس نەمردووە. هەروەها 10 کارمەندی دیکەی بەرگریی شارستانیش بەهۆی گازەوە تووشی تەنگە نەفەسی بوونە، جیا لەمانەش زیان بەر چوار ئۆتۆمبێلی بەرگریی شارستانی و چەند بارهەڵگرێکی پاڵاوگەکە کەوتووە و کۆی زیانەکان نزیکەی هەشت ملیۆن دۆلار دەبێت.

گوتیشی: سەرەتا ئاگرەکە زۆر فراوان بووە، بەڵام بە هەوڵەکانی تەواوی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی گشتیی، شارەوانییەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانی، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ژینگە و خزمەتگوزاریی هەولێر پۆلیس و ئاسایش بۆ ئەوەی ڕێگری  لە فراوانبوونی ئاگرەکە بکەن؛  بە داخەوە کۆگای دووەمی پاڵاوگەکەش گڕی گرتووە کە بڕێکی زۆری نەفتا و فلۆرینی تێدا بووە.

ئاماژەشیدا، ئاگرەکە هێشتا بەردەوامە و ئەگەر بەم چڕ و پڕییە هەموو تیمەکان کاریان نەکردبایە، ئەوە دۆخەکە لە دەست دەردەچوو. هیوادارین لە چەند کاتژمێرێکی داهاتوودا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکریت.