وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێک بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی دەردەکات

ژمارەیەک قوتابی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوە
ژمارەیەک قوتابی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوە

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ باش بەڕێوەبردنی پرۆسەی تاقیکردنەوەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی، جگەلە ڕێنماییەکان چەند بڕیارێک دەردەکات و ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو بڕیارانە بۆ بەرژەوەندی گشتییە.

پێنجشەممە (13ـی حوزەیرانی 2024)، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێک جگەلە ڕێنماییەکان، بۆ باش بەڕێوەبردنی پرۆسەی تاقیکردنەوەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی بە هەموو بەشەکان دەردەکات.

بەپێی بڕیارەکان، پێویستە سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و چاودێری هۆڵەکانی تاقیکردنەوە کەشێکی گونجاو بۆ قوتابییان و خوێندکاران فەراهەم  بکەن، هاوکات دەستدرێژیکردن بۆ سەر مامۆستا لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەی بەهۆی وەزیفەکەیەوە، پاڵپشت بە یاسای پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان، بەباری توندکاری سزای دەستدرێژیکردنە سەر فەرمانبەری دەوڵەت دادەنرێت.

وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە کردووە، بردنە ژوورەوەی هەموو جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی بۆ ناو ناوەندەکانی تاقیکردنەوە قەدەغەیە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و چاودێری هۆڵەکان، نابێت بەهیچ جۆرێک مۆبایلی زیرەک بەرنە نێو ناوەندی تاقیکردنەوە و هۆڵەکانی تاقیکردنەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە، پرسیاری بابەتەکانی تاقیکردنەوە لە قوتابییان  وەردەگیرێنەوە لەلایەن مامۆستای چاودێر، پرسیاری هەر قوتابییەک ناوی خۆی لەسەرە، هەر پەڕەیەکی سۆمای قوتابی ئەگەر پەڕەی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی لەگەڵدا نەگەڕێتەوە، نمرەی بۆ هەژمار ناکرێت، هاوکات پشکنینیش بۆ قوتابییان دەکرێت پێش ئەوەی بچنە نێو هۆڵی  تاقیکردنەوە، هەر ئامێرێکی زیرەک لەنێو هۆڵی تاقیکردنەوە لە قوتابی بگیرێت بە گزی بۆی هەژمار دەکرێت.

وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاندووە، هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە پێش و دوای تاقیکردنەوەش، وێنەی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە بگرێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی بکاتەوە.

چوارشەممە (12ـی حوزەیرانی 2024)، نورەدین عوسمان بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە پێشتر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تەواوی ئامادەکارییان بۆ تاقیکردنەوەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی بە بەشەکانی زانستیی و وێژەیی و پیشەیی کردووە، بۆ سەرخستنی پرۆسەکەش وەزارەتەکانی گواستنەوە و گەیاندن، ناوخۆ، ئاسایش، خوێندنی باڵا،  کارەبا هاوکاریی تاقیکردنەوەی قوتابیان دەکەن.

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌  22ـی ئایاری 2024، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ خشتەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی، بەشەکانی (زانستی، وێژەیی و پیشەیی) بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024) بڵاوكرده‌وه‌، کە بڕیارە لە 23-6-2024 دەست پێ بکات.

بەپێی زانیارییەکان، ئەمساڵ 121 هەزار و 908 قوتابی پۆلی دوانزەی ئامادەیی بە بەشەکانی وێژەیی و زانستیی و پیشەیی بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن.