سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شاندێکی نەتەوەیەکگرتووەکان گفتوگۆ لە بارەی سەرژمێری دەکەن

K24 - هەولێر:

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێوەبەری نووسینگەی هەرێمایەتی سندووقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا، جەختکرایەوە پێویستە سەرژمێری تەنیا بۆ مەبەستی گەشەپێدانی دانیشتووان بێت و دوور لە هەر ئامانجێکی سیاسی.

ڕۆژی پێنجشەممە (13ـی حوزەیرانی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە لەیلا بەکر، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەرێمایەتی سندووقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتووانی وڵاتانی عەڕەبی کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی کار و پڕۆژە و چالاکییەکانی سندووقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی گەشەپێدان و پەرەپێدانی تواناکانی ئەنجامدانی ئامار و سەرژمێریی دانیشتووان کرا، بەتایبەتی کە بڕیارە لە مانگی یازدەی ئەمساڵ سەرژمێریی گشتیی لە عێراق ئەنجام بدرێت.

جەخت لە پێویستیی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگی لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ سندووقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان کرایەوە، لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی سەرژمێری، کە پێویستە تەنیا بۆ مەبەستی گەشەپێدانی دانیشتووان بێت و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و دوور لە هەر ئامانجێکی سیاسی ئەنجام بدرێت.