سبەی مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ دابەش دەکرێت

وەرگرتنی مووچە لە بانک - وێنە: ئەرشیف
وەرگرتنی مووچە لە بانک - وێنە: ئەرشیف

K24 - هەولێر:

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سبەی هەینی مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ دابەش دەکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: سبەی هەینی (14ـی حوزەیرانی 2024)، مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی سەربازی (خانەنشینی پێشمەرگە و خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ) دابەش دەکرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بۆ ئەو مەبەستە دەوامی سەرجەم ئەو بانکانە کراوە دەبێت کە ئەرکی دابەشکردنی مووچەی ئەو چین و توێژانەیان لە ئەستۆدایە.

ڕۆژی دووشەممە (10ی حوزەیرانی2024) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا خشتەی مووچەی مانگی ئایاری بەشێک لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بڵاو کردەوە، دوای ئەوەی هەمان ڕۆژ، بری 419 ملیار و 190 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە.