مەسرور بارزانی پێشوازی لە سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەکات

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی (ڕاست) و سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران (چەپ)
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی (ڕاست) و سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران (چەپ)

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەکات.

ئەمڕۆ هەینی، 14-06-2024، کاتژمێر 11:00 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی باقری کەنی، سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەکات و دوای کۆبوونەوەش لێدوانی ڕۆژنامەوانیی دەدەن.

بە گوێرەی بەرنامەی سەردانەکە، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای کاتژمێر 09:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومییەوە پێشوازیی لێ دەکرێت.

وا بڕیارە، هەر ئەمڕۆ هەینی، 14-06-2024، عەلی باقری، بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە. چاوەڕێ دەکرێت سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران و گەورە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان؛ پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قووڵییەکان لە بوارەکانی بازرگانی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەمنی تاوتوێ بکەن.  

سەردانەکە لە کاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە، 13-06-2024، عەلی باقری گەیشتە بەغدا و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆ بووەوە. هەفتەی رابردووش سەردانی لوبنان و سووریای کرد و لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو دوو وڵاتە کۆبووەوە.

عەلی باقری دوای کۆچی دوایی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە ڕووداوی تێکشکانی هێلیکۆپتەرێکدا، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات، دوای وەرگرتنی ئەو پۆستە یەکەمین سەردانی دەبێت هەرێمی کوردستان.

باقری: تاران بایەخێکی زۆر بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدات

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، 11-06-2024، عەلی باقری، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕاگەیاندبوو: "بڕیار بوو 10 ڕۆژ دوای گیان سپاردنیان،  ئایەتوڵڵا ڕەئیسی و ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، سەردانی عێراق بکەن، ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بایەخێکی تایبەتی بە وڵاتانی ناوچەکە، وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی موسڵمانان دەدا لە چوارچێوەی سیاسەتی دراوسێیەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کە دارشتنی ئەم سیاسەتە لەلایەن خودی ئایەتوڵڵا ڕەئیسییەوە پێشکەش کرابوو".

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، عەلی باقری ئاماژەی بەوە کرد: "پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق زۆر جێی ڕەزامەندییە و ئێستا قەبارەیەکی بەرچاوی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق، لە هەرێمی کوردستانەوەیە. لە داهاتووشدا، بەرچاوڕوونییەکی زۆر لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا هەیە. بۆیە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بایەخێکی زۆر بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات".

سەردانەکەی ڕەئیسی بۆ هەولێر و بەغدا

ئەم سەردانەی باقری لە کاتێکدایە، وا بڕیار بوو کۆتایی مانگی ڕابردوو، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران سەردانی بەغدا و هەولێر بکات، بەڵام بەهۆی ڕوودوای کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی، سەردانەکە نەکرا.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، 21-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، بەشداریی پرسەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و هاوەڵەکانیانی کرد.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئێمە چاوەڕێ بووین دوای چەند ڕۆژێکی دیکە پێشوازیی لە سەرۆککۆماری ئێران بکەین بۆ هەولێر لە چوارچێوەی ئەو سەردانەی بەنیاز بوو بۆ عێراق بیکات، بەڵام بەداخەوە ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە هاتە پێشەوە کە بووە هۆی گیان سپاردنی بەڕێزان سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوە و هەموو هاوڕێیانیان. ڕووداوەکە دڵگران و نیگەرانی کردین".

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی ئایاری 2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری كۆچكردووی ئێران و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و یاوەرانیان بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردن.